ئەندامێكی فەرماندارێتی هێزەكانی پاراستنی گەل ( هەپەگە) ڕایدەگەیەنێت، گەریلا هیچ پێشمەرگەیەكی شەهید نەكردووە و ئامادەش نیە شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە بكات، داواش لە حكومەتی هەرێم دەكات هێندەی بەیاننامە دژی پەكەكە دەردەكات نیو هێندە دژی توركیا ناڕەزیەتی دەرببرێت.
دلێر دەروێش، ئەندامی فەرماندارێتی هێزەكانی پاراستنی گەل ( هەپەگە) لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ئێستا، وەڵامی چەند پرسیارێك لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و گرژی و ئاڵۆزییەكانی چیای مەتین و هەروەها لەشكركێشییەكانی توركیا و شەهیدكردنی پێشمەرگە لەلایەن گەریلاكانیان دەداتەوە.
دەروێش لە چاوپێكەوتنەكەدا ئاماژەبەوەدەكات، پەیوەندییان لەگەڵ سەرجەم لایەنەكان هەیە، هەر لایەنێكیش لەپێناو بەرژوەندی نەتەوەیی هەنگاوی گرتبێتە پەیوەندییان لەگەڵ باش دەبێت.
دەشڵێت،” ئەگەر هەر حزبێكیش لە دژی بەرژوەندییەكانی كوردستان بێت، یان لە پێناو بەرژوەندی وڵاتێكی داگیركەر هەنگاوی نا، ئێمە ئامادەی هاوكاری نین و پەیوەندیمان لەگەڵی باش نابێت”.
ئەوسەركردەیەی هەپەگە دەشڵێت، “لەسەدەی 21 دا بۆ نەتەوەیەك شەرمە كە بندەست بێت، بۆیە داوا لەهەموو حزبە كوردستانییەكان دەكەین، لەچوارچێوەی بەرژوەندی كەنەكە كۆببنەوە”.
لەبارەی ئەوەی پەكەكە بۆچی خەباتی سەربازی هێناوەتە باشوور دلێر دەروێش دەڵێت، “هیچ تاكێكی كورد و سیاسەتمەدارێك مافی ئەوەی نیە بڵێت، فڵان حزب باكورییە یان ڕۆژهەڵاتییە، یان باشوریی، ئەو جیابونەوە و دابەشكردنە بیركردنەوەیەكی نەخۆشانەیە، كە داگیركەر لە بیری ئێمەدا چەسپانیویەتی، ئێمەش دەمانەویت ئەوەبسڕینەوە و بۆ ئێمە هیچ جیاوازی نیە، پەكەكە خەباتی لەهەر چوار پارچەی كوردستاندا هەیە، بۆیە ئەگەر ئێمە دەمانەوێت، یەكگرتنی نەتەوەی دروست بكەین نابێت سنور بمێنێت”.
جەخت لەوەشدەكاتەوە، پەكەكە ئۆتۆنۆمی كوردستان دەپارێزێت و تا دواقەترەی خوێنیش هەوڵ بۆئەوە دەدات.
ئەندامەكەی فەرماندارێتی هێزەكانی پاراستنی گەل ( هەپەگە) لەبارەی گرژییەكانی ئەم دواییەی چیای مەتین و شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەك دەڵێت، “هەركاتێك پێشمەرگەیەك شەهید بوبێت، داگیركەر گێرەشێوێنی دروستكردووە، ئەوە كاری توركیایە بۆ پەرە پێدانی ئاڵۆزی و گەریلا نەیكردووە و هیچ گەریلایەكيش دەستی ناچێتە شەڕ بەرامبەر پێشمەرگە”.
داواش دەكات، “پێشمەرگە شەڕی كورد بە كورد بە عەیب و شەرم بزانێت، كاتێك گەریلایەك هەموو بەرژوەندی خۆی بەلاناوە و شەڕی ئازادی نەتەوەیەك دەكات”.
لەبارەی ئەو زیانانەی كە سوپای توركیا لە ناوچە سنورییەكان داوییەتی، سەركردەكەی هەپەگە دەڵێت، “توركیا چەندین زیانیان لە دارستانی كوردستان داوە، داوا لە ناوەندە جیهانییەكان دەكەین لێكۆڵینەوە بكەن، سوتانی دارستانەكان و داربڕین تەنها بەشێكیان بوون، جگە لەوانە توركیا گیانەوەر و كرمیان هێناوە بۆ زیانگەیاندن بە كشتوكاڵی كوردستان”.
لەبارەی هەڵوێستی حكومەتی هەرێمیش دلێر دەروێش دەڵێت،” تائێستا حكومەتی هەرێم هەڵوێستی لاوازە لەبەرامبەر توركیا و خۆی بە لاوازای دەبینێت”.
دەشپرسێت، “تا ئێستا حكومەتی هەرێم چەند هەوڵی لە نێوەندە جیهانییەكان و چەند ڕاپۆرتی مافی مرۆڤی ڕادەستی جنێفی كردووە لەسەر داگیركارییەكانی توركیا، بۆیە چەند لە دژ گەریلا بەیاننامە و ڕاپۆرتی هەیە با نیو ئەوەندە لە دژی توركیا هەی بێت”.
لەبارەی ئەوەی كە ئایا هیچ بەڵگەیەك هەیە توركیا چەكی قەدەغەكراوی دژی گەریلا بەكارهێنابێت، ئەندامەكەی فەرماندارێتی هەپەگە دەڵێت، “ئەوە تەنها قسەی ئێمە نیە وڵاتانیش باسلەوەدەكەن و بەڵگەش زۆرە، چەندین هەڤاڵی ئێمە شەهیدبوون بێئەوەی گولە بەرجەستەیان كەوتبێت یان پارچە هاوەنێك بەریان كەوتبێت”.