هەڵمەتی کوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە بەرواری 4ی ئازاری 2021 دەستیپێکرد، بەپێی ئەو پلانەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دایناوە بۆ دابەشکردنی ڤاکسین، تا کۆتایی ئەمساڵ دەبێت %20ی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڤاکسین وەربگرن.
دکتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بەتۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لەئێستادا ناو تۆمارکردن بۆ وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاوڵاتییانەوە زۆر باشە، هەرچەندە دەمانەوێت هاوڵاتییان زیاتر بەدەم خۆکوتانەوە بێن، تاوەکو مەترسییەکە لەوەی ئێستا هەیە کەمتر ببێتەوە”.
پرۆسەی دابەشکردنی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان پشت بەو بڕە ڤاکسینە دەبەستێت، کە هەفتانە لە وەزارەتی تەندروستیی عێراقەوە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و هەر هەفتەیەک بەپێی ڕێژەی ڤاکسینی کڕراو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابیندەکرێت.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، “زۆر جار ئەو بڕە ڤاکسینەی لە عێراقەوە دێت کێشەی تێدایە، یان دوادەکەوێت، یان کەمترە لەوەی چاوەڕێی دەکەین، هەندێک جاریش بەبێ کێشە و لەکاتی خۆیدا دەگات”.
وتیشی، سەرەڕای ئەوانەش، کێشەی گەڕانەوەی ناوی هاوڵاتییان هەیە، کە هەندێک کەس ناویان زۆر دوادەکەوێت، بەهۆی ئەوەی بەپێی پلانی وەزارەت لەپێشینە بۆ کەسانی نەخۆش، بەتەمەن، کارمەندانی تەندروستی، هێزە ئەمنییەکان و ئەوانەن زیاتر مەترسییان لەسەرە، ئەمەش تاڕادەیەک هاوڵاتییانی لە تۆمارکردنی ناو ساردکردووەتەوە.
دکتۆر ئاسۆ حەوێزی سەبارەت بە ژمارەی ناوی تۆمارکراو و ڤاکسینە دابەشكراوەکان ڕایگەیاند، “تائێستا 185 هەزار کەس ناویان تۆمارکردووە، لەو ژمارەیە 120 هەزار کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، کە بەشێکیان دۆزی یەکەم و بەشێکیان هەردوو دۆزەکەیان وەرگرتووە”، هەرچەندە بەپێی ئامارەكانی بەردەستی تۆڕی میدیایی ئێستا، نزیكەی 128 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە.
باسی لە ڕەوتی هەڵمەتی کوتان کرد و وتی، “بۆ قۆناغی ئێستا تا ئاستێک لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە ڕازیین، بەڵام هێشتا خاوە و دەکرێت هاوڵاتییان زیاتر بەدەم هەڵمەتەکەوە بێن، بەپێی پلانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، دەبێت تا کۆتایی ساڵی 2021 ڕێژەی ئەوانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە بگاتە %20، بۆ ساڵی داهاتووش دەبێت تاکۆتایی 2022 کوتان لە هەرێم بگاتە %50.
ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان زیاترە لە 5 ملیۆن كەس، بۆیە بەپێی ئەو پلانەی وەزارەتی تەندروستی بێت، پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ نزیكەی یەك ملیۆن كەس ڤاكسین وەربگرن، دیار نییە ئەگەر بەم ڕەوتە بڕوات، تا كۆتایی ئەمساڵ ئەو ژمارە كەسە ڤاكسین وەربگرن.
هەولێر
پارێزگای هەولێر لەبەرواری 4ی ئازاری 2021 وەک یەکەم پارێزگای هەرێمی کوردستان کوتان دژی ڤاکسینی کۆرۆنا تێیدا دەستیپێکرد، دکتۆر بژار موسا وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر بەتۆڕی میدیایی ئێستای وت، “تائێستا ژمارەی ئەو دۆزانەی دراون بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، 60 هەزار بۆ 70 هەزار دۆزن، لەو ژمارەیە 40 هەزار دۆزیان دابەشکراوە”.
سەبارەت بەوەی تا چەند لە ڕەوتی پرۆسەکە ڕازین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، “بەپێی ئەوەی تائێستا هاوڵاتییان کەمێک سڵەمینەوەیان هەیە لە ڤاکسین، بۆیە بۆ ئێستا باشە، بەڵام گرنگە هاوڵاتییان زیاتر بەدەم هەڵمەتەکەوە بێن”.
سلێمانی
پارێزگای سلێمانی لە بەرواری 7ی ئازار هەڵمەتی کوتانی بە ڤاکسینی کۆرۆنا دەستپێکرد، تائێستا پارێزگاکە کۆی گشتی 102 هەزار و 530 دۆز ڤاکسینی کۆرۆنای پێگەیشتووە، لەو ژمارەیە 46 هەزار و 250 دۆزیان لە جۆری ڤاکسینی ئەسترازێنیکا، 35 هەزار و 220 دۆزیان لەجۆری ڤاکسینی سینۆفارمی چینی و 21 هەزار و 60 دۆزیشیان لە جۆری فایزەر بووە.
دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ژمارەی ئەو دۆزانەی ڤاکسینی کۆرۆنا بەهەموو جۆرەکانییەوە لە پارێزگای سلێمانی دابەشکراون 39 هەزار و 294 دۆزن، لەو ژمارەیە 29 هەزار و 429 کەسیان دۆزی یەکەمیان وەرگرتووە، نۆ هەزار و 865 کەس دۆزی دووەمیشیان وەرگرتووە.
دهۆک
بەدەمەوەچوونی هاوڵاتییانی پارێزگای دهۆک بۆ ڤاکسینی کۆرۆنا لەئاست ڕەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی پارێزگاکەدایە و دکتۆر حەمزە ڕەزیکی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەتۆڕی میدیایی ئێستای وت، ڕۆژانە 800 بۆ هەزار کەس ڤاکسین وەردەگرن.
وتەبێژی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوەکرد، زۆرترین ژمارەی ڤاکسین لە پارێزگای دهۆک دابەشکراوە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، تائێستا 48 هەزار دۆز ڤاکسین بەسەرجەم جۆرەکانیەوە دابەشکراوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیاندا.
لە هەرێمی کوردستان تائێستا سێ جۆر ڤاکسین دابەشدەکرێت، ئەوانیش، سینۆفارمی چینی، فایزەری ئەمریكی و ئەسترازێنیکای بەریتانی، پرۆسەی کڕین و گەیشتنی ڤاکسین بۆ هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی دەسەڵاتی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدایە و لەو پشکەی عێراق دەیکڕێت، ڕێژەی %17ی دەدرێت بە هەرێمی کوردستان، بەدەر لەوەش، وڵاتی چین کاروانێکی هاوکاری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد، کە بڕەکەی پێنج هەزار دۆز ڤاکسینی سینۆفارم بوو.