ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە دەباشان کۆبوونەوە و هەردولا هاوڕابوون، کە کێشە ھەنوکەییەکانی ئەمڕۆی کوردستان و ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان پێویستی بە ھەماھەنگی زیاتری ھەردوولا ھەیە.
بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە دەباشان بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی تایبەت بەکاروباری حکومەتی ھەرێم وحکومەتی خۆجێیی سلێمانی کۆبونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لەدوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق کراوە و لەسەر بنەماى رەوشی هەنوکەیی پلانی داهاتوو بۆ پتەوکردن و ڕێکخستنەوەى کار و ئەجێنداى یەکێتی و گۆڕان گفتوگۆى لەبارەوەکرا.
هەروەها باسیش لەرێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان کراوە و چۆنێتی جێبەجێکردنی ئەو خاڵانەى کەماون و پێویستە جێبەجێ بکرێن و پەیوەستن بەدام و دەزگاکانی حکومەت، هاوکات پێشنیاریش کرا کۆبوونەوەکان بەردەوامییان هەبێت بۆ سەرخستنی تەواوی رێکەوتنەکەى نێوان یەکێتی و گۆڕان، کەئەمەش ڕەنگدانەوەى باشى دەبێت لەسەر هاوپەیمانێتی کوردستان و چۆنێتی چوونە نێو هەڵبژاردنی داهاتووى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.