كورد لە چاوەڕوانی دانیشتنی تایبەت بە پەسەندكردنی بودجەدایە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 لە نزیكبوونەوەدایە و سەرۆكی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمیش لە بەغداد دەڵێت، ئەوەی لەسەر ئێمەیە كردومانە و لە چاوەڕوانی دانیشتنەكەداین.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداد ئەمڕۆ سێشەممە 16ی شوبات بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە چاوەڕوانیی ئەنجامدانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن تایبەت بە بودجە و، چاوەڕوانن هەمان ئەو ڕێككەوتنەی پێشتر لەگەڵ حكومەتی ناوەند كراوە بچێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.

وتیشی، “ئەوەی لەسەر ئێمەیە كردومانە و لیژنەی دارایی یەكلایی دەكاتەوە كەی پرۆژەكە بەتەواوی ئامادەی دەنگدان دەكات”.

دەربارەی دوا هەڵوێستی لایەنە شیعییەكانیش كە پێشتر دەوترا یەكلاكەرەوە دەبێت تایبەت بە پشكی هەرێم، فارس عیسا وتی، “تائێستا شیعەكان وەڵامی دوا هەڵوێستی خۆیان بە لیژنەی دارایی نەداوە”.

فارس عیسا

بۆ تاوتوێكردنی پشك و شایستە داراییەكانی هەرێم و پابەندییەكانی، ئێواری یەكشەممە جارێكی دیكە شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران گەیشتە بەغداد.

ڕۆژی دواتریش شاندەكە بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆمار و بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان و بەشێك لە ئەندامانی كوردی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدا. هەمان ڕۆژ لەگەڵ هادی عامری، سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆبووەوە.

دەربارەی سەردانەكەی ئەمجارە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدادەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، شاندی هەرێم لەم سەردانەیاندا هیچ پێشنیار و ڕێگاچارەیەكی نوێیان نەهێناوە و سوورن لەسەر هەمان ئەو ڕێككەوتن و بڕگەیەی لە پرۆژەیاساكەدا هاتووە.

ئەو سەرچاوەیە، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت وتیشی، “ئەو بڕگەیەش زۆر ئەستەمە بەو جۆرە تێپەڕێندرێت”.

دەربارەی لایەنە شیعیەكانیش ئەوەی خستەڕوو، تائێستا لایەنە شیعیەكان نەیانتوانیوە پێشنیارێكی نوێ پێشكەش بكەن. پێشبینی ئەوەشی كرد لە دوو ڕۆژی داهاتوودا شیعەكان دەقێكی نوێ تایبەت بە هەرێم بهێنن و ئەوەشی وت، “هەفتەی داهاتوو بە دڵنیاییەوە پرۆژەی بودجە دەنگی لەسەر دەدرێت”.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەندێك كێشەی دیكەی تایبەت بە بودجە ماون كە هێشتا چارەسەرنەكراون و وتی، “سوننەكان هەندێك كێشەیان هەیە، دەیانەوێت ئەم كارتی فشاری كوردییە بكەنە هۆكارێك و سودی لێوەربگرن، بەڵام لەم نێوەندەدا كورد تائێستا نەیتوانیوە مناوەرە بكات”.

ئامانج لە سەردانەكانی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغداد چە‌سپاندنی ڕێككە‌وتنی مانگی 12ی 2020ی نێوان حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان و حكومە‌تی فیدڕاڵە،‌ لە‌سە‌ر پڕۆژەیاسای بودجە‌ی 2021، كە‌ تیایدا پشكی ھە‌رێم بە 12.67٪‏ دیاریكراوە.

بەپێی ڕەشنوسی پرۆژەكە بودجەی عێراق بە 164 ترلیۆن دینار دیاریكرابوو، بەڵام لەلایەن لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بۆ 130 ترلیۆن دینار كەمكراوەتەوە و بەهۆیەوە كورتهێنانی بودجەش لە 70 ترلیۆنەوە بۆ 29 ترلیۆن دابەزیووە.

پشكی هەرێم كە پێشتر 13 تریلیۆن و 900 ملیار دینار بوو بەهەمان شێوە کەمدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە ڕوونی دیارینەکراوە.

بابەتی پێشتر

كۆشكی سپی لەسەر هێرشەكەی هەولێر هاتەدەنگ

بابەتی دواتر

چیرۆكی ئەو پیاوەی سێ هاوڕێی خۆی دەخوات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریدا

وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریدا كاتی ناونووسین و تۆماركردنی خوێندكارانی قۆناغی یەكەمی بنەڕەتی درێژبكاتەوە. سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی…
زیاتر ببینە

بەڵگەکانی بەکارهێنانی کیمیایی لەلایەن توركیاوە ڕەوانەی ناوەندە جیهانییەكان دەكرێت

ئەو بەڵگانەی بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەلایەن هێزەكانی توركیاوە دەسەلمێنن، لەلایەن ‏كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستانەوە ڕەوانەی ناوەندە جیهانییەكان دەكرێن.‏ زەینەب…
Total
0
Share