فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، دووبارە مەترسییەكانی وڵاتەكەی لە هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی گروپە عێراقییەكانی سەر بە ئێران ئاشكرادەكات، دەڵێت، تا ئێستا سیاسەتەكانی تاران مەترسیی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەكەدا دروست دەكەن.
کینیس ماکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا و لەبارەی هێرشە بەردەوامەکانی سەر نوێنەرایەتی و بنکەکانیان لە عێراق و بەتایبەت ئەو هێرشانەی لەمدواییانەدا کرانە سەر بنکەی عەین ئەسەد، وتی، “ئێمە ڕوبەڕووی فشاری زۆر دەبینەوە لەڕێگەی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێرانەوە، کە دەیانەوێت ئێمە لە عێراق بڕۆینە دەرەوە، دوایینیشیان ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەن، کە هێرشەکانیان پێئەنجامدەدرێت و هەندێکیان بچوک و بەشێکیشیان تاڕادەیەک گەورەن و دەکرێت هێرشی مەترسیداربن بۆسەر گیانی هاوڵاتییانمان”.
ماکێنزی دەڵێت، ئەم ڕەفتارانەی ئێران حکومەتی عێراق ناچار دەکات نەتوانێت داوا لە ئەمریکا بکات وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت.
سەبارەت بە توانای هێزە عێراقییەکانیش ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئەمریکا وتی، “هێزە عێراقییەکان ئێستا لە ئاستێکی باشدان، ئێمە دەمانەوێت ئەوان بتوانن خۆیان ئەو چالاکییانە ئەنجام بدەن کە ئێستا بە هەماهەنگی دەکرێن، هێزەکانی ئەمریکاش ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە ڕاهێنان و ڕاوێژکاریدا بۆ هێزە عێراقییەکان، ئەمەش ئەو ڕێگەیەیە کە ئێمە دەمانەوێت زیاتر پەرەیپێبدەین لە ڕوبەڕوبوونەوەی داعشدا”.
لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە، ماکێنزی ئاماژەی بەوەکرد، زۆرینەی وڵاتانی ناوچەکە وەک هاوپەیمانێکی جددی دەڕواننە ئەمریکا، “بەنزیکەیی هەموو وڵاتانی ناوچەکە تائێستا ئەمریکا بە هاوبەشێکی باشی خۆیان دادەنێن”.
فەرماندە ئەمریكییەكە دووپاتیشیكردەوە، بوونی هێزەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەند ئامانجێکی لەپێشینەی هەیە لە چوارچێوەی ستراتیژییەتەکانی بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی مەترسییەکان، جەختیشیکردەوە کە بوونیان لە ناوچەکە بەپلەی یەکەم “بۆ ڕێگریکردنە لە جموجوڵە پیسەکانی ئێران”، لەگەڵ ئەوەشدا ئێران ئێستاش مەترسیی ئەمنی و سیاسییە لە ناوچەکەدا و ڕەفتارەکانی نەگۆڕاون.