شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئاشکرایکرد، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە چوار سەکۆی تایبەت بە ئاڕاستەکردنی موشەک لە پارێزگای دیالە پوچەڵبکەنەوە، کە ئامادەکراوە بۆ هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانی بەلەد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی شانەی ئەمنی، سەکۆ موشەکییەکان لە کێڵگەیەکی ناوچەی زەنبور لە سنوری پارێزگای دیالە دۆزراونەتەوە، کە وا ئامادەکراون بەرەو بنکەی ئاسمانی بەلەد ئاڕاستە بکرێن.
لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەوە دووەمین هەوڵی هێرشکردنە سەر بنکەی ئاسمانی بەلەدە لە پارێزگای سەڵاحەدین، چوارشەممەی ڕابردوو چەند موشەکێک ئاڕاستەی بنکەی ئاسمانی بەلەد کران.
ماوەیەکە سەکۆ موشەکییەکان بەرلە ئاڕاستە کردنی موشەکەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەدۆزرێنەوە، هەندێکجار وا پێناسەی بۆ دەکرێت ئەوە پەیامە لەلایەن گروپە چەکدارییەکانی عێراقەوە دەدرێتە حکومەت و هێزەکانی ئەمریکا.