ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا هەڕەشەی لە یۆنان و قوبڕس كرد و ڕایگەیاند، “توركیا ئەو وانەیە دەدات بە یۆنان و ئیدارەی قوبڕسی – یۆنانی كە شایستەی بن.”
ماوەیەكە دوو بابەتی پەیوەست بە توركیا، كاردانەوەیان بە دوای خۆیاندا هێناوە، كە بریتین لە هەڵمەتی پشكنین و گەڕانی توركیا بە دوای غازی سروشتی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، هەروەها ناردنی چەكداری توندڕەوی سوری بۆ قەرەباغ لەپێناو شەڕكردن هاوشانی سوپای ئازەربایجان، لە دژی سوپای ئەرمینیا.
لە دوایین وتاریدا كە لە ئەنكەرە پێشكەشیكرد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، باسی هەردوو بابەتەكەی كرد و جەختیكردەوە كە بەردەوام دەبن لە چالاكییەكانیان لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا و وتی، “بەردەوام دەبین لەوەی لە گۆڕەپاندا وانەیەك بدەین بە یۆنان و ئیدارەی قوبڕسی – یۆنانی كە شایستەی بن.”
سەرۆكی توركیا لە وتارەكەیدا سەبارەت بە ناردنی چەكداری سوری بۆ قەرەباغ دوا و ڕەتیكردەوە وڵاتەكەی ئەو كارەی كردبێت و ڕایگەیاند، “هەندێك پێمان دەڵێن ئێوە چەكدارتان ناردووە بۆ ئەوێ، ئێمە نیازی لەو جۆرەمان نییە، ئەوان كاری زۆریان هەن لە وڵاتەكەیاندا بیكەن، ناچن بۆ قەرەباغ.”
وتەكەی ئەردۆغان دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین ناوەند و وڵات بە بەڵگەوە باسیان لە ناردنی چەكداری سوری لەلایەن توركیاوە بۆ قەرەباغ دەكرد.