بەڕێوەبەری ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی وشکەساڵییەوە ڕێژەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی کەمبووەتەوە، بۆیە كار دەکەن لەسەر ڕێکخستەنەوەی پێدانی ئاو بەهاوڵاتییان.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئەمساڵ ڕێژەی بارانبارین لەچاو ساڵانی پێشوو نزیکەی 40٪ بۆ 50٪ کەمیکردووە، ئەوەیش بووەتە هۆی کەمبونەوەی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی”.
وتیشی، “لە ئێستادا لەڕێی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لەڕێگای 91 پرۆژەوە، كە ئاوی سەرزەوی وەردەگرن، لەگەڵ پێنج هەزار و 710 بیری قوڵ و ئاوی كانییەكان، ڕۆژانە بڕی 1.9 تا 2.1 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هاوڵاتییانی هەرێم دابیندەكەین”.
ڕوینشیكردەوە، بەپێی ستاندەرە جیهانییەكان، ئەوبڕە ئاوەی پێویستە هاوڵاتی ڕۆژانە وەریبگرێت، 250 لیترە، بەڵام ئەوان زیاتر لە 350 لیتر ئاویان بۆ هەر كەسێك دابینكردووە، بۆیە بەشێكی زۆری هاوڵاتیان پابەندنین و زۆر زیاتر بەكاردەهێنن.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێم باسیلەوەشكرد، بەپێی رێككارەكەیان، نۆرەی پێدانی ئاو ڕێكدەخەنەوە، بەجۆرێك، ئەو وشێنانەی دوو ڕۆژ جارێك دوو كاتژمێر ئاویان پێدەدرێت، هیچ گۆڕانكاریی بەسەردا ناهێنن، بەڵام ئەو شوێنانەی سێ تا 12 كاتژمێر ئاویان پێدەدرێت، كەمیدەكەنەوە، هەروەها ئەو شوێنانەی ڕۆژانە ئاوی خواردنەوەیان پێدەدرێت، دەكرێتە دوو ڕۆژ جارێك و 12 كاتژمێر.
ئەو بەرپرسەی ئاوی هەرێم ئاشكراشیكرد، لەگەڵ ئەوەی لەكۆبوونەوەیەكی پێشوویان لە مانگی نیساندا، بڕیاردراوە 2.5 ملیار دینار بۆ ئاوی خواردنەوە دابین بکرێت و کێشە و گرفتەكان چارەسەر بكرێن، باس لەوەشکراوە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە لەگەڵ تورکیا و ئێران قسەبکرێت بۆ ئەوەی ئەو بڕە ئاوەی پێویستە بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان، بۆمان بەربدرێتەوە”.