گرژییەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتارانی ناچارکرد واژوو کۆبکەنەوە بۆئەوەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان تایبەت بێت بە دۆسیەی داهاتی نەوت و خاڵە سنوورییەكان و یاسای چاکسازی.
دوای ئەوەی لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان، كە بڕگەیەكی تایبەت بوو بە تاوانەكانی كوشتن و خۆكوشتنی ژنان، مشتومڕ لەسەر بەردەوامیی لێبڕینی موچە و دواتر پرسی گەڕانەوەی داهاتەكانی ناوخۆ بۆ خەزێنەی حكومەت دروستبوو، بەشێك لە پەرلەمانتاران واژوویان كۆكردەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان، لە دانیشتنی داهاتوودا لەسەر ئەو پرسانە گفتوگۆ بكات و حكومەت بانگهێشت بكات.
لەوبارەیەوە عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكەوە ڕایگەیاندووە، “دۆسیەی نەوت و جێبەجێنەکردنی یاسای چاکسازی هۆکاری لێبڕینی موچەن، بۆ ئەو مەبەستە واژوومان کۆکردووەتەوە و دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتانە دەبن”.
هەروەها سەرکۆ ئازاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی ئاشكرایكرد، 56 واژووی ئەندامانی پەرلەمان کۆکراوەتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر دانیشتنی داهاتوو و “ئەو ژمارەیەش زۆرینەن و دەتوانین بڕیاری لێبڕینی موچە هەڵوەشێنینەوە”.
لای خۆیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دابان محەمەد ئەندامی لیژنەی دارایی، سەبارەت بەوەی دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان تەنها تایبەت دەبێت بە داهاتەکانی سلێمانی، یان کۆی داهاتی هەرێمی کوردستان؟ وتی، “لەسەر کۆی پرسی داهاتی هەرێمی کوردستان قسەدەكرێت، بەدڵنیایی لە گفتوگۆکاندا باسی داهاتی سلێمانیش دەکرێت، کە ئەمڕۆ بەشێک لە پەرلەمانتاران باسیان لێکرد”.
پەرلەمان بۆ دانیشتنی داهاتووی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی بانگهێشتکردووە و دابان محەمەد دەڵێت، ئەگەر ئامادە نەبن، پەرلەمان بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی موچە دەدات.