لە بەغداد ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانێكی گەورە دەكرێت

پێشبینیدەكرێت ببێتە دەستپێكی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكان

چالاكوانان و گروپەكانی ڕێكخەری ناڕەزایەتییەكان، ئامادەكاری بۆ خۆپیشاندانێكی گەورە دەكەن، كە بڕیارە سبەی لە بەغدادی پایتەخت بەڕێوەبچێت.

چالاكوانان و گروپەكانیان ماوەی چەند ڕۆژێكە لە ئامادەكاریدان بۆ ڕێكخستن و ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی گەورە و سبەی سێشەممە دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی.

پێشبینیدەكرێت خۆپیشاندانەكە ببێتە دەستپێكی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەكان، دوای دامركانەوەی خۆپیشاندانەكانی پێشوو، كە بە “تشرین” ناسرابوو و لە 1ی تشرینی یەكەمی 2019 سەریهەڵدا.

بەپێی میدیاكان، چالاكوانان سێ شوێنیان وەك ناوەندی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان دیاریكردووە، ئەوانیش، گۆڕەپانەكانی فیردەوس، تەحریر و نسور-ە لە بەغداد.

سایتی RTی ڕوسی بڵاویكردوەتەوە، دروشم و هوتافی خۆپیشاندەران پەیوەندیدارە بە دژایەتیی گەندەڵی، لێپێچینەوە لە بكوژانی خۆپیشاندەران و چالاكوانان و هەروەها بوونی چاودێریی نێودەوڵەتی بەسەر هەڵبژاردنەكانەوە.

لەسەر زاری چالاكوانانیشەوە بڵاویكردوەتەوە، “داخوازییەكانی پێشوویان نەهاتووەتەدی، بۆیە جارێكی دیكە دەگەڕێنەوە بۆسەر شەقام”.

ساڵی ڕابردوو بە بەڵێنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق دەربارەی بەجێگەیاندنی داخوازییەكانیان، خێوەتی مانەوەی خۆپیشاندەران لە بەغداد هەڵگیرا.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاوسەرگیریی منداڵان یەکێکیانە.. دادوەریی عێراق ڕێنمایی بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی جیابوونەوە بڵاودەکاتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هۆکارە پاڵنەرەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژی جیابوونەوەی هاوسەرانی لە عێراق خستەڕوو، یەکێک لە هۆکارەکانیش بۆ هاوسەرگیریی…
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەنجامی کۆبوونەوەکانی هەولێر و بەغداد تاوتوێدەکات

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوونەوەیەکی دوو کاتژمێری ئەنجامبدات. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، تاوتوێی دەر ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانە دەکرێت…
Total
0
Share