وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند سبەی یەکشەممە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم دەچێتە بەغداد و لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبێتەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی سێ مووچەی کۆتایی ساڵ.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی عێراق قسەی بۆ دەنگی ئەمریکا کردووە و رایگەیاندووە، هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە هەر سێ مووچەی کۆتایی ساڵ دابەشبکرێت و هیچی نەفەوتێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشبەختانە زۆرینەی کێشەکانی مووچە چارەسەر بووە و ماوەتەوە تەمویل بکرێت، دەشڵێت، “بە هیواین کە سبەی شاندەکە دەچێتە بەغداد، تەمویلی مانگی 11 و 12ش بکرێت، و بتوانین کێشەی سێ مووچەی ئەمساڵ چارەسەربکەین”.
هونەر جەمال باسی لەوەشکرد، وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر ناردنی 430 ملیار دیناری تر بۆ هەرێم بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان داوە، بەڵام تا پێنج شەممەش ئەو بڕە پارەیە رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکراوە و نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای هەفتە بڕە پارەکە بگاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم.