بەژمارە.. ئاماری زیانە گیانی و ماددییەکانی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس

دوای 11 ڕۆژ لە بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، هەریەکە لەو دوولایەنە خۆیان بە سەرکەوتووی دوای شەڕەكە دادەنێن، ئاماری جیاوازیش سەبارەت بەو زیانانە دەخەنەڕوو، کە بەیەکیان گەیاندووە.

دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، “بزوتنەوەی حەماس” و “جیهادی ئیسلامی” توشی زیانی گەورە بوون بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە، “سەدان کیلۆمەتر لە تونێلەکانی ئەو بزوتنەوەیەمان وێرانکردووە”.

لەبەرامبەردا خالید مەشعەل، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، بەرەی بەرگریی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە سەرکەوتووبووە لە شکاندنی وێنەی سوپای ئیسرائیل.

لەبارەی زیانە گیانییەکانەوە، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بەهۆی گرژییەکانی ئەمدواییەوە، گەیشتووەتە 232 کەس و لەناویاندا 65 منداڵ و 39 ژن هەن، هەروەها هەزار و 910 کەسیش برینداربوون، لەناو بریندارەکاندا 560 منداڵ و 380 ژن و 91 بەتەمەنیان تێدایە.

هەروەها هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە بووەتەهۆی ئاوارەبوونی 75 هەزار هاوڵاتیی كەرتەكە، لەو ژمارەیە 28 هەزار و 700 کەسیان لە خوێندن و چوونە قوتابخانە دابراون.

بۆردومانەکانی سەر کەرتی غەززە زیانی 40 ملیۆن دۆلاری بە کارگە و ناوچە پیشەسازییەکان گەیاندووە، هەروەها بەبڕی 22 ملیۆن دۆلار زیان بەر کەرتی وزە گەیشتووە، کەرتی کشتوکاڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانی غەززەش بەبڕی 27 ملیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.

نوسینگەی حکومی لە کەتی غەززە ڕایگەیاند، 75 بارەگا و دامەزراوەی گشتی لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج، لەناویاندا دامەزراوەی خزمەتگوزاری، ئەمنی و پۆلیسیشی تێدایە.

هەروەها 68 قوتابخانە و ناوەندی تەندروستی کراونەتە ئامانج، 490 زەوی و ناوچەی کشتوکاڵی و کێڵگەی ئاژەڵ و بیر، بەر بۆردوومانەكان كەوتوون.

بەپێی نوسینگەی حکومیی غەززە، سێ مزگەوت بەتەواوی خاپور کراون و 40 مزگەوت و کەنیسەی دیکە لە بۆردومانەکاندا زەرەرمەندبوون.

ئیسرائیل 300 شوێن و دامەزراوەی ئابوری و بازرگانیی کردووەتە ئامانج، حەوت کارگەی بەتەواوی وێران کردووە، زیانی بە 60 ناوچەی گەشتیاری گەیاندووە، 31 بگۆڕی کارەبا (محاویلە) زیانیان بەرکەوتووە، نۆ شەقامی سەرەکیش بەتەواوی داخراون.

حکومەتی فەڵەستین ڕاشیگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە 454 ئۆتۆمبێل و هۆکاری گواستنەوە بەتەواوی لەکارکەوتوون.

لای خۆیەوە ناوەندی مافی مرۆڤی فەڵەستینی ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەگشتی شەش تاوەری نیشتەجێبوونیان کردووەتە ئامانج، لەو ژمارەیە سیانیان بەتەواوی خاپورکراون، کۆی ئەو یەکە نیشتەجێبوونانەی لە تاوەرەكاندا وێرابوون، 437 یەکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی فەڵەستین بڵاویکردووەتەوە، لە کۆی گشتیی ئەو یەکەی نیشتەجێبوونانەی ئیسرائیل بەئامانجی گرتوون، هەزار و 41 یەکە بەتەواوی وێران کراون، 768 یەکە بە شێوەیەکی مامناوەند زیانیان بەرکەوتووە و 13 هەزار و 500 یەکەش زیانێکی کەمیان بەرکەوتووە، کۆی ئەو زیانە ماددییانەی بەر ئەو یەکە نیشتەجێبوونانە کەوتووە، دەگاتە 112 ملیۆن دۆلار.

هەروەها نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، 450 باڵەخانە لە کەرتی غەززە خاپووربوون، لەو ژمارەیە شەش نەخۆشخانە و نۆ سەنتەری چاودێریی تەندروستیی تێدایە.

ئەو زیانە مرۆیی و مادییانەی بەر کەرتی غەززە کەوتووە لە ماوەی 11 ڕۆژی هێرشەکاندا، پێویستی بە زیاتر لە 38 ملیۆن دۆلار هاوکاریی نێودەوڵەتیی هەیە بۆ بەهاناوەچوون و دابینکردنی پێداویستییە مرۆییە سەرەتاییەکانی دانیشتوانەکەی، لە نمونەی ئاو و خۆراك و پێداویستیی تەندروستیی سەرەتایی.

لەلایەکی دیکەوە لە ئەنجامی گرژییەکانی ئیسرائیل و حەماس، بەپێی لێدوانی پۆلیسی تەلئەبیب، 12 ئیسرائیلی کوژراون و 335 کەسیش برینداربوون.

زیانە ئابورییەکانی ئیسرائیل لەو کارگە و ناوچە پیشەسازییانەی لەماوەی 11 بۆ 13ی مانگی ئایار کراونەتە ئامانج، دەگاتە  166 ملیۆن دۆلار.

عوفێر جێندڵمان، وتەبێژی بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، تەلئەبیب بە توندی لە ئامانجەکانی حەماسی داوە، بەجۆرێک پێشینەی نەبووە، “بەرپرسانی باڵای حەماسمان کوشتووە و سەدان کیلۆمەتر لە تونێلەکانی ئەو بزوتنەوەیەمان وێرانکردووە”.

لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا بنیامین نەتەنیاهو ئاشکرایکرد، “تۆڕێکی تونێلەکانی حەماسمان خاپوورکردووە، هەروەها کارگەی پیشەسازی و موشەک و کارگەکانی دروستکردنی چەکی بزوتنەوەکەمان خاپوورکردووە، زیاتر لە 200 چەکداری حەماس کوژراون، کە لەناویاندا 25 کەسایەتیی دیار هەن”.

ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، “بوەتنەوەكانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و کۆمەڵەکانی دیکە، نزیکەی  چوار هەزار و 350 موشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە، لەو ژمارەیە 640 موشەکیان هەر لە کەرتی غەززە کەوتووەتە خوارەوە، ڕێژەی %90ی موشەکەکان لە ئەنجامی كاریگەریی سیستمی بەرگریی موشەکیی گومەزی ئاسنینەوە، نەیانتوانیوە بگەنە هیچ ئامانجێک و تەقێنراونەتەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە گەیشتونەتە ئیسرائیل”.

ئیسرائیل بەهۆی ئەو هێرشانەوە فڕۆکەخانەکانی داخست، بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی ڕاگرت، بەهۆی کردنەئامانجی هێڵە نەوتییەکان و سیستمی وزەی ئەو وڵاتە، کێڵگەی گازی تاماری لە کارکردن ڕاگرت، بازاڕی دراوی ئیسرائیل 30% بەهاکەی لە بازاڕدا لەدەستدا.

بابەتی پێشتر

جۆ بایدن بڕیار لەسەر داخستنی گوانتانامۆ دەدات؟

بابەتی دواتر

بەرهەمهێنانی بیتکۆین بڕی پێدانی کارەبای بە خەڵکی ئێران کەمکردووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share