دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنەكەی عێراق.. تا ئێستا هیچ لایەنێك بەفەرمی داوای دواخستنی نەكردووە

ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی رابردووی بەغدادی پایەتەخت و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و دەستەی حەشدی شەعبی، لەسەر دەستگیركردنی سەركردەیەكی حەشد، جارێكی دیكە پرسی دواخستنی هەڵبژاردنەكانی هێنایەوە نێو گۆڕەپانی سیاسی و شەقام، هەرچەندە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكان ڕەتیدەكەنەوە هەڵبژاردن دوابخرێت، بەڵام بەشێك لە پەرلەمانتاران نایشارنەوە تێكچوونی دۆخی ئەمنیی عێراق هۆكارێك دەبێت بۆ ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەكە.

هیچ لایەنێك بە فەرمی داوای دواخستنی نەكردووە

لەو بارەیەوە بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “دیاریکردنی کات یان دواخستنی هەڵبژاردنەکان کاری پەرلەمان نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی حکومەتدایە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان”.

لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەوە جەختی لەوەكردەوە، “لە ئێستادا ڕای زۆرینە، حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەیە، کە ئامادەکارییەكان بەردەوامیی هەبێت و هەڵبژاردنەکان لە 10ی ئۆكتۆبەر ئەنجام بدرێت”.

جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێشیوایە، “زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانن لەوادەی خۆیدا، بەفەرمیش تائێستا هیچ لایەنێک داوای دواخستنی نەکردووە”.

هەر لەسەر هەمان پرس، ئەحمەد كینانی، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە نوری مالیكی سەرۆكایەتیی دەكات، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “دۆخی عێراق بەرگەی دواخستنی هەڵبژاردن ناگرێت، پێویستە كۆمسیۆن و حكومەت كار بۆ ئەوە بكەن هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت”.

وتیشی، “وەكو دەوڵەتی یاسا لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نین و هەرهەوڵ و ڕێگرییەك بۆ دواخستنی ڕەتدەكەینەوە”.

بەوتەی پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا، “ڕووداوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەكان نابنە هۆكار بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان”.

جەختی لەوەشكردەوە، ” ئەو وتانەی لە ڕاگەیاندنەكانەوە چەند بەرپرسێكی لایەنە سیاسییەكان باس لە دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكەن، بەرژەوەندییەكانیان دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە ئەو دەنگۆیانە بڵاودەكەنەوە، ئەگەرنا بەفەرمی هیچ كەسێك داوای دواخستنی نەكردووە”.

لەلایەكی دیكەوە ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، “هەڵبژاردن دەبێت لە دۆخێكی ئەمنیی باشدا بەڕێوەبچێت”.

ئەو بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا جەختی لەوەشكردەوە، “دواخستنی هەڵبژاردنەكان لەئێستادا تەنها قسەیە و باسدەكرێت”.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان دواخستنی هەڵبژاردن ڕەتدەكەتەوە

پێشتر جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، “نزیکەی 400 هەزار فەرمانبەر لە وەزارەت و دەزگاكانی دەوڵەت، پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەدەبەن، متمانەی تەواویشمان بەو ئامێرانە هەیە، کە لە پرۆسەکەدا بەکاردەهێنرێن”.

غەلای وتیشی، “ئەو ئامێرانەی بۆ پڕۆسەکە بەکاردەهێنرێن، متمانەمان پێی هەیە ڕێگری لە ساختەکاری بکات و ئامێرەكانیش جیاوازترن لەو ئامێرانەی بۆ هەڵبژاردنی پێشوو بەكارهێنرا”.

بەوتەی وتەبێژی كۆمسیۆن، بەوردی کاریانکردووە بۆ نوێکردنەوەی ناوی دەنگدەران و هەڵبژاردنی ئەو کۆمپانیایەی پشکنین بۆ ئامێرەکانی هەڵبژاردنەکە دەکات، كە کۆمپانیایەكی ئەڵمانییە و خاوەن ناوبانگ و کاری نمونەییە.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، كە مانگی كانونی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، پێنجەم هەڵبژاردنی پەرلەمانییە ئەنجامدەدرێت، لە تەواوی هەڵبژاردنەكانی دیكەدا ڕەخنە و گلەیی لە ساختەكاری بوونی هەبووە، بەتایبەت لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2018، كە بۆ یەكەمجار ئامێری دەنگدانی ئەلیكترۆنی بەكارهێنرا.

بابەتی پێشتر

نەخۆشخانەی منداڵان: زۆربوونی حاڵەتەکانی سکچوون لە منداڵاندا پەیوەندیی بەگۆڕانی وەرزەوە هەیە

بابەتی دواتر

حدکا شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دادگای باڵای فیدڕاڵی: دۆسیەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە تایبەتمەندی دادگاکەمان نییە

دادگای باڵای فیدڕاڵی لە عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا رەتیکردەوە بڕیار لەبارەی داوایەکی یاسایی تایبەت بە راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی…
Total
0
Share