دروستكردنی هێزی هاوبەش بۆ ڕێگری لە قاچاخچێتی نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە

ھێزە ھاوبەشەكە “دەسەڵاتی قانونی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لە دەروازەکان”.

سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێك بەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێكهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و ناوخۆ بەمەبەستی ڕێگری لە قاچاخچێتی لە دەروازە سنوورییەكاندا، هێشتا دروستكردنی ئەو هێزە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، تەنها ئەو بڕیارە نییە كە پشتگوێ خرابێت.

لە 7ی كانونی دووەمی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە تا “هێزێکی تایبەت و هاوبەش پێکبهێنن بۆ ڕێگەکرتن لەهەر پێشێلکاری و سەرپێچی و کارێکی نایاسایی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لە دەروازەکان بەبێ جیاوازی”.

دەربارەی ناوەرۆكی بڕیارەكەش جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم وتی، “وەزارەتەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ پرۆپۆزەڵێک بۆ بنەبڕکردنی قاچاخچێتی ئامادە دەکەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران ڕێکارەکان کرداری دەکرێت بۆ ڕێگری لە قاچاخی سەر سنوورەکان”.

ئەگەرچی مانگێك بەسەر دەرچوونی ئەو بڕیارەدا تێپەڕبووە، بەڵام جگە لە كۆبوونەوەیەكی هەردوو وەزیرانی پێشمەرگە و ناوخۆ لە 11ی كانونی دووەمی ڕابردوو هیچ هەنگاوێكی كردەیی لە سنوورەكاندا نەگیراوەتەبەر.

شاخەوان بەكر، بەڕێوبەری گومرگی دەروازەی سنووریی باشماخ بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “تائێستا هیچ هێزێكی پێشمەرگە و ناوخۆ نەهاتووەتە دەروازەكە”.

ئەوەشی وت، “هەمان هێزەكانی پێشوو لە دەروازەكەن و هیچ گۆڕانكارییەكی تیا ڕوینەداوە”.

دەربارەی هۆكاری دواخستنی پێكهێنانی هێزەكە، تۆڕی میدیایی ئێستا چەند جارێك هەوڵیدا، لێدوان لە بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە وەربگرێت، بەڵام هەوڵەكان بێ ئاكام بوون.

ھێزە ھاوبەشەكە “دەسەڵاتی قانونی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لە دەروازەکان”.

بەپێی بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران بێت ھێزە ھاوبەشەكە “دەسەڵاتی قانونی پێویستی دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ڕێکارەکان لە دەروازەکان و بەرەنگاربوونەوەی قاچاغچێتی و كاری ناقانونی لە سەرجەم دەروازەکان بەبێ جیاوازی”، بەڵام پەرلەمانتارێك پێیوایە تەنها ئەو بڕیارە نییە كە جێبەجێنەكراوە، بەڵكو چەندین بڕیاری هاوشێوە پشتگوێخراون.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت، “لە مانگی ئازاری 2020 بڕیاری ڕێگری لە قاچاخچێتی درا و جێبەجێنەکرا، لەھەمانکاتدا بڕیاردرا پێداچوونەوە بە گرێبەستی ئەو کۆمپانیایانە بکرێت کە مانگانە بە 13 ڕێگا دەیان ملیۆن دۆلار وەردەگرن! ئەویش جێبەجێنەکرا”.

دەشڵێت، “دیسانەوە بڕیاردرا لیژنەیەکی ھاوبەش لە ھێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ دروستبکرێت بۆ ڕێگری لە قاچاخ تاوەکو ئێستا ھیچ بەرھەمێکی نەبووە”.

هەرێمی کوردستان چوار دەروازەی سنوریی نێودەوڵەتی لەگەڵ تورکیا و ئێراندا هەیە کە ئەوانیش بریتین لە (باشماخ، ئیبراهیم خەلیل، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران) جگە لەمانەش ژمارەیەک دەروازەی نافەرمی هەن کە بریتین لە (شوشمێ، کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شێخ ساڵح).

پرسی قاچاخچێتی و کاری نایاسایی لە خاڵە سنورییەکان یەکێکە لەو پرسانەی لە ناوەندە فەرمی و نافەرمییەكانی هەرێمدا ناوبەناو باسدەكرێت و داوای ڕێگریکردنی لێدەکرێت.

پێچەوانەی هەرێمی كوردستان ساڵی ڕابردوو حكومەتی عێراق چەند ڕێوشوێنێكی لە دەروازە سنورییەكاندا گرتەبەر و بەپێی ئامارەكان لەئێستادا لە کۆی 21 دەروازە لە عێراقدا، 14 دەروازەیان بە تەواوەتی کۆنترۆڵکراون و بەهۆیەوە داهاتی خاڵە سنوورییەكان بەڕێژەی 15% زیادیانكردووە.

بابەتی پێشتر

بەرشلۆنە لەبەردەم خشتەیەکی ئێسکشکێندایە و نۆ یاری قورس لە یەک مانگدا دەکات

بابەتی دواتر

ڕامۆس نەشتەرگەریەکی بەپەلەی بۆ دەکرێت و دووردەکەوێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مه‌كگۆرك چی بۆ عێراق و هەرێم پێبوو؟
لە هەرێمی كوردستان تەنها لەگەڵ یەكێتی و سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە

دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی ‏نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری ‏خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و شاندێكی ‏یاوەری،…
Total
0
Share