كۆچی بەرفراوانی شیلادزێییەكان دەبێتە باسی میدیا جیهانییەكان

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی ناحیەی شیلادزێ-ی سەر بە قەزای زاخۆ بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بە کۆچی بەرفراوانی دانیشتووان و گەنجانی ناحیەکە دەکات بەرەو وڵاتانی ئەوروپا لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە.

ئەوانەی کاری بردنەدەرەوەی ئەو گەنجانە دەکەن، هەروەها بەرپرسانی ناحیەکە قسەیان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز کردووە و ئاشکرایانکردووە، ئەوانەی لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە دەڕۆن بەرەو ئەوروپا، ڕووبەڕووی مەترسیی مردن دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان کەس لە دانیشتووانی ناحیەی شیلادزێ-ی سەر بە قەزای زاخۆ هەوڵی چوونەدەرەوە و گەیشتن بە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەدەن لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە.

یەکێک لە قاچاخچییەکانی بردنەدەرەوەی ئەو گەنجانە دەڵێت، نزیکەی 200 کەسیان لە شیلادزێ و دەوروبەریەوە بەڕێگەی یاسایی و بە فڕۆکە ناردووەتە پایتەختی بیلاڕوسیا و دواتر بەڕێگەی نایاسایی بۆ سنوورەکانی وڵاتانی دیکە.

قاچاخچییەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە کۆتاییەکانی بەهاری ئەمساڵەوە ژمارەی كۆچبەرەكان زیادیکردووە و بەڕێژەیەکی بەرچاو هەوڵی چوون بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە دەدەن، دانیناوە بەوەشدا کە ڕێگایەکی مەترسیدارە بۆ گیانلەدەستدانی ئەوانەی هەوڵی گەیشتن بە ئەوروپا دەدەن.

ئەو قاچاخچییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، دەڵێت، “ئەوان دەیانەوێت بڕۆن، جگە لەوە دەبێت چی بکەن؟”.

لە مانگی ڕابردوودا کۆچبەرێکی عێراقی لەکاتێکدا ویستوویەتی لە بیلاڕوسیاوە بۆ پۆڵەندا بپەڕێتەوە، گیانیلەدەستدا، ئەوە یەکێکە لەو ژمارە کۆچبەرەی لەماوەی ڕابردوودا لەو سنوورە گیانیان لەدەستداوە دوای ئەوەی کۆچی نایاسایی لە ناوچەکە ڕووی لە هەڵکشان کردووە.

هەریەکە لە پۆڵەندا، لیتوانیا و یەکێتیی ئەوروپا، بیلاڕوسیا تۆمەتبار دەکەن بە هاندانی کۆچبەران، کە زۆرینەیان لە عێراق و ئەفغانستانەوە دەڕۆن، بۆئەوەی بەسنووری ئەو وڵاتەدا كۆچ بەرەو ئەوروپا بكەن، تاوەکو وەک کارتێکی فشار بەکاریبهێنن بەرامبەر بەو سزایانەی کە برۆکسل بەهۆی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاندوویەتی.

شیلادزێ، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 40 هەزار کەسە، یەکێکە لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانەکەی لە ڕێگەی بیلاڕوسیاوە دەپەڕنەوە بۆ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا.

ڕۆیتەرز نووسیویەتی، شیلادزێ بەهۆی ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەکان و بۆردومانەکانی تورکیاوە ڕووبەڕووی کێشەی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووانەکەی بووەتەوە، بەتایبەت دوای کرانەوەی ڕێگای بیلاڕوسیا وەک ڕێگایەک، کە کۆچبەران بە دەروازەیەکی خێراتر و سەلامەتتری دادەنێن.

بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەر کۆچبەرێک لە هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو دەگاتە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە 12 هەزار دۆلار دەبێت.

یەکێک لەو قاچاخچییانەی کە کۆچبەرانی شیلادزێ دەباتە بیلاڕوسیا و هاوبەشەکەی لە تورکیایە، دەڵێت، “لەماوەی پێنج مانگی ڕابردوودا 200 کەسمان لە شیلادزێ و دەوروبەری گەیاندووەتە ئەوروپا”، لەگەڵ ئەوەشدا زانیاریی نەبوو لەسەر ئەوەی ئەو کەسانە گەیشتوونەتە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا یاخود نا، ئاشكراشیكردووە، سێ قاچاخچی دیکە لەناوچەکەدا کاردەکەن.

بەوتەی ڕۆیتەرز، بەرپرسانی ناوچەکە هیچ ژمارەیەکی دروستی ئەو کەسانەیان لانییە کە لەڕێگەی بیلاڕوسیاوە کۆچیانکردووە بۆ ئەوروپا، بەڵام دانیشتووانی ناوچەکە باس لەوەدەکەن، لەدوای وەرزی بەهارەوە، 400 کەس لە شیلادزێ و دەوروبەریەوە بەرەو ئەوروپا کۆچیانکردووە، ژمارەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە.

عەبدوڵا عومەر، کە سەرتاشێکی تەمەن 38 ساڵە دەڵێت، “سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی سەقامگیرە لە عێراقدا، بەڵام قەیرانی دارایی کە وایکردووە موچە دابەشنەکرێت قورساییەکی زۆری خستووەتە سەر هاوڵاتییان”.

ئەمین فەرەج شیکەرەوەیەکی کوردە، قسەی بۆ ڕۆیتەرز كردووە، دەڵێت، قەیرانی کۆچ لە ناوچەکە بەردەوامیی دەبێت ئەگەر حکومەتی هەرێم بەردەوامبێت لە پشتگوێخستن و نەدانی مووچە، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامیی قەیرانی دارایی یەکێکی دیکەیە لە پاڵنەرەکانی کۆچی خەڵک بەرەو ئەوروپا، وەك ئەوەی شیكەرەوەكە بە ڕۆیتەرزی وتووە.

بابەتی پێشتر

بەوێنە.. تەقینەوەی گەورە لە گڕكانی لا پالما

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵە‌بانی: بڕیارەكانی ئەم دواییە بۆ چاكەی گشتی و خزمەتكردنی خەڵكە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share