لە مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 7 هەزار و 500 فڕۆكە بە ئاسمانی عێراقدا فڕیوون، كۆمپانیایەكی تایبەتمەندیش دەڵێت، پارێزراویی ئاسمانی عێراق هۆكارە بۆ ئەوەی ئەو ژمارە زۆرەی فڕۆكە بە ئاسمانەكەیدا بفڕن.
كۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی ئاسمانی سەربە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 13ی تشرینی یەكەم ئاشكرایكردووە، “لەماوەی مانگی ئەیلول-دا بە تێكڕایی 6 هەزار و 263 فڕۆكە بە ئاسمانی عێراقدا فڕیوون، هەروەها تێكڕای ئەو فڕۆكانەشی لە فڕۆكەخانەكانی عێراقەوە ڕۆشتوون یان نیشتوونەتەوە ژمارەیان هەزار و 315 فڕۆكە بووە”.
ئەو كۆمپانیا عێراقییە ئەوەشی خستوەتەڕوو، كۆمپانیاكەیان ڕێڕەوی پارێزراوی ڕێكخستووە بۆ فڕۆكەكان، لەگەڵ گرتنەبەری سەرجەم ڕێكارەكانی ئاسایشی ئاسمانی، ئەوەش وایكردووە ئاسمانی عێراق بەو ڕێژەیە فرۆكەی تێدا بفڕێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە لەو مانگەدا هەریەك لە ئێران و توركیا، گەشتە ئاسمانییەكانیان لەگەڵ عێراق هەڵپەسارد و هۆكارەكەیان بۆ ڕێكاری تەندروستی تایبەت بە كۆرۆنا گەڕاندەوە.