دوێنێ 17ی ئایار، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک لە ڕۆژئاوا نرخی سوتەمەنی بەرزکردەوە، ئەوەش بووە هۆی ناڕەزایەتی هاوڵاتییان و شۆفێران.
بەشێک لە شوێنە بازرگانییەکانی قامشلۆ، وەک ناڕەزایەتییەک بۆ بڕیاری گرانکردنی سوتەمەنی، داخران و بەڵینیان داوە تاکاتی ئاساییکردنەوەی نرخەکان بەداخراوی بمێننەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا چەند بەرپرس و پارتێکی بەشدار لە بەڕێوەبەریی خۆسەری داوای پێداچونەوەیان بە بڕیاری گرانکردنی سوتەمەنیدا کردووە، کە دوێنێ لە لایەن خۆسەریەوە دەرچوو.
ئەو پارتانە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن، ” بڕیارەکە لەگەڵ دۆخی ئابوریی ناوچەکەدا ناگونجێت، بەتایبەتی بارودۆخی خراپی کشتوکاڵی و وەک پێویست بۆچوونی لایەنە سیاسیەکانی بەڕێوەبەرییەکە و ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، بەهەند وەرنەگیراوە”.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیک لەبارەی بڕیارەكەوە ڕایگەیاندووە، “بەرمەبنای لێکدانەوەی بەرژەوەندیی گشتی و بە پێشنیازی بەڕێوەبەری سوتەمەنییەکان بووە”
زیادکردنەکان بەمشێوەیە بوون:
نرخی لیترێک بەنزینی سوپەر لە 210 لیرەی سوریەوە بۆ 410 لیرە
بەنزینی مومتاز لە 1350 لیرەوە بۆ 1950 لیرە
بوتڵێک غاز لە 3000 لیرەوە بۆ 8000 لیرە بەرزبووەتەوە
غازی بازرگانی لە 5000 لیرەوە بۆ 15000 لیرە بەرزبووەتەوە
نەوتی تایبەت بە فڕن و ئاشەکان لە 75 لیرەوە بۆ 100 لیرە بەرزبووەتەوە
گازی تایبەت بە کشتوکاڵ و ئاودێری لە 125 لیرەوە بۆ 250 لیرە بەرزبووەتەوە
نەوتی ماڵان لە 75 لیرەوە بۆ 250 لیرە بەرزبووەتەوە
گازی شل لە 125 لیرەوە بۆ 300 لیرە دانراوە بۆ هەر لیترێک.