گروپی چەکداری حەماس لە فەڵەستین سوپاسی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسداران دەکات لەپای ئەو هاوکارییەی پێشکەشی ئەوانیان کردووە لە ڕابردوودا و لە ئێستای شەڕەکەیاندا دژی ئیسرائیل.
ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کە ئیسماعیل ئاقانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە دوو پەیوەندی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس، دڵنیاییداوە، کە وڵاتەکەی هاوکاری تەواوی حەماس دەکات لەم شەڕەیدا دژی ئیسرائیل.
ئیسماعیل ئاقانی، لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە، ڕابەری حەماس پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامداوە و دڵنیایی پێداون ئێران لە پشتیانە.
پێشتر ئێران نەیشاردووەتەوە، کە هاوکاری دارایی و سەربازی حەماسی کردووە، بەڵام لە کاتی دەستپێکردنەوەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، ئەوە جاری یەکەمە ئێران بە ڕاستەوخۆ ڕایبگەیەنێت پشتگیری حەماس دەکات.
گروپی چەکداری حەماس، لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بە بزوتنەوەیەکی تیرۆرست دانراون و لەم شەڕەی کۆتایشدا بەهۆی بۆردومانکردنی هەڕەمەکی خاکی ئیسرائیلەوە، ڕەنگە حەماس سزای زیاتر وەربگرێت.