پێنج مۆڵگەی پاشماوەی چەكدارانی داعش لە چیای حەمرین لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كرانە ئامانج، وەك ئەوەی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی بڵاویكردەوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی شانەكە، كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوكراوەتەوە، بە فەرمان و هەماهەنگیی فەرماندەیی پڕۆسە هاوبەشەكان و پشتبەست بە زانیاری و هەوڵی هەواڵگریی ورد، فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی 9 لێدانی ئاسمانیی لە چیای حەمرین ئەنجامدا و بەهۆیەوە “پێنج مۆڵگەی تیرۆریستان وێرانكران”.
دوای ڕاگەیاندنی شكستپێهێنانی داعش لە ساڵی 2017، ناوبەناو چەكدارانی گروپەكە لە ناوچە جیاجیاكان دەردەكەون و هەڵمەتەكانیش بۆ لەناوبردنیان درێژەی هەیە.
لە 12ی نیسانی ڕابردووش، هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەڵمەتێكی ئەمنیی دوو ڕۆژەیان بۆ پاككردنەوەی ڕۆژئاوای چیای حەمرین و ناوچەكانی دەوروبەری لە چەكدارانی داعش ئەنجامدا.
لەمیانەی پڕۆسەكەدا پێنج چەكداری داعش كوژران، هەروەها 13 بۆمبی چێندراو تەقێندرانەوە و ژمارەیەك تەقینەوە و تی ئێن تی دەستیان بەسەردا گیرا، جگە لەوەی حەوت تونێل و 42 مۆڵگە لەناوبران.