پێرێز بەبێ زێدان پێکهاتەی ڕیاڵ بونیاددەنێتەوە

سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید هەوڵ بۆ گواستنەوەی مباپێ و هالاند دەدات

سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید، فلۆرنتینۆ پێرێز ئامادەکاریکردووە بۆ وەرزی نوێ بەبێ زینەدین زێدان پێکهاتەی یانەکەی بونیادبنێتەوە.

ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی بە ڕاپۆرتێک، ئاماژەی بە دۆخی یانەی شاهانە و داهاتووی هەندێک لە یاریزانان و زینەدین زێدانی ڕاهێنەر کردووە.

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانە و هاوکارانی چەند جارێک ڕایانگەیاندووە، کە زێدان لە یانەکەیان بەردەوام دەبێت و ئەوپەڕی هاوکاری و پاڵپشتی دەکەن، بەڵام ڕاستییەکە شتێکی ترە..

زێدان نامەیەکی کراوەی ئاڕاستەی بەرپرسانی مێرەنگی کردووە و بڕیاری کۆتایی پێڕاگەیاندوون، بڕیاری کۆتاییش دەستلەکارکێشانەوەیەتی لە کۆتایی وەرزدا، ئەم ڕاستییە پێرێز و هاوەڵانی دەیزانن و ئەوەی پێشتر ئاماژەیان پێکردووە بابەتی بەردەم میدیاکان بووە.

بەپێی سەرچاوەکە، پێرێز بە نیازە ڕائول گۆنزالێسی ئەفسانەی یانە و ڕاهێنەری کاستیا لە جێگەی زێدان بەگەڕبخات، لەهەمان کاتدا ماسیمیلیانۆ ئالێگری ڕاهێنەری ئیتاڵیا پاڵێوراوە. بەڵام چانسی ئەم ڕاهێنەرە بەراورد بە ڕائول لاوازە.

یەکلاییکردنەوەی کەیسە زیندووەکان

بڕیاری ماڵئاوایی زێدان بەبێ هۆکار نییە، بەڵکو ڕیاڵ گەیشتووەتە دۆخێکی هەستیار کە چارەسەرکردنی کێشەکان ئاسان نییە.

پێرێز و میگێل ئانخێل سانچێزی سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکار ناچاردەبن کەیسی ڕامۆس و ڤاران، ئیسکۆ و ڤاسکێز و گاریس بەیل و یوڤیچ بە ئەنجام بگەیەنن، هەموو ئەمانەش لە کاتێکدایە گرێبەستی داڤید ئالابا یەکلاییکراوەتەوە و یانەکە لە چاوەڕوانی ماڵئاواییکردنی یەکێک لە ڕامۆس و ڤاراندایە.

کڕینی گالاکتیکۆس

یەکێکی دیکە لە ئەرکەکانی پێرێز کڕینی یاریزانێکی گەورە و ناودارە، بۆ ئەم مەبەستەش ناوەکانی کیلیان مباپێ و ئێرلینگ هالاند دەستنیشانکراون.

ئەگەریش هەیە دەستبەرداری ئیدین هازاردی بەلجیکی ببن تاوەکو دەرفەت بۆ ڤینسیۆز بڕەخسێت وەرزەکانی داهاتوو زیاتر بەشداری ڕوبەڕووبوونەوەکان بکات.

بابەتی پێشتر

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پێنج مۆڵگەی داعش لە شاخی حەمرین دەكاتە ئامانج

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێكی عێراق: 15 دۆلار چووەتە سەر ئەو نرخی نەوتەی لە بودجەدا دیاریكراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share