دواخستنی بڕیاری گەڕانەوەی 500 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ خاکی عێراق بەردەوامیی هەیە، ئیدارەی خۆبەڕێوبەری لە ڕۆژئاوا نیگەرانە لە جێبەجێنەکردنی بەڵێنی گەڕانەوەیان.
حکومەتی عێراق دووجار گەڕانەوەی ئەو خێزانانەی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ خاکی عێراق دواخستووە، هۆکارەکەش نەگونجانی دۆخی ئێستای وڵاتەکەیە بۆ ئەو پڕۆسەیە.
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیکەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاندووە، “حکومەتی عێراق هەروا بەڵێنەکانی بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانە عێراقییانە دوادەخات، لە کاتێکدا لە ساڵی 2018 دا ڕێککەوتن کراوە بۆ گەڕانەوەی ئەو خێزانانە”.
حکومەتی عێراق بەڵێنیدابوو خێزانەکانی چەکدارانی داعش، کە لە ژن و منداڵ پێکهاتبوون، بگەڕێنێتەوە بۆ موسڵ و لەژێر چاودێرییەکی چڕدا لە كەمپەكاندا نیشتەجێیان بکات، بەڵام بە هۆکاری دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق، چەندجارێک بەڵێنەکە دواخرا.
عێراقییەکانی کەمپی هۆل لە ڕۆژئاوای کوردستان ژمارەیان 30 هەزار و 738 کەسە و لە 8 هەزار و 256 خێزان پێکهاتوون، ئەگەر ئەو 500 خێزانە بگەڕێندرێنەوە خاکی عێراق، دەبێتە قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەکان و کۆتا کاروانی گەڕانەوەکان نابێت.
ئیدارەی خۆسەری دیموکراتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، داوای لەو وڵاتانە کردووە، کە هاوڵاتییەكانیان لە کەمپی هۆلەوە بگەڕێننەوە، چونکە هاوڵاتیی زیاتر لە 50 وڵاتی جیهان پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و ئێستا خێزانەکانیان لە کەمپی هۆلدان.