دادگایەكی باڵای لە یەكێك لە هەرێمەكانی هندستان بەمدواییە داوای لە كارمەندانی پۆلیس كرد كێشیان داببەزێنن ئەگەر دەیانەوێت بەشداری لە پڕۆسەكانی دەستگیركردنی بەكارهێنەر و بازرگانانی مادەی هۆشبەردا بكەن.
سانگوان داوایكرد تاقیكردنەوەی توانا و لێهاتوویی بۆ ئەو كارمەندانە بكرێت كە سەركەوتوو نەبوون لە دەستگیركردنی تۆمەتبارێكی ماددەی هۆشیبەر، پاش ئەوەی توانیبووی لە دەست كارمەندەكان هەڵبێت و ئەوانیش بەهۆی قەڵەوییەوە نەیانتوانیبوو شوێنی بكەون و بیگرنەوە.
بەپێی ڕۆژنامەی (زا تریبیۆن)ی هندی، تاقیكردنەوەكە لە ئەكادیمیای ڕاهێنانی پۆلیس بە ئامادەبوونی تیمێكی پزیشكی ئەنجامدەدرێت.
ئەو دادوەرە هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی تریشی كرد لەكاتێكدا ئەگەر دۆخی تەندروستی كارمەندانی پۆلیس وەك خۆی بمێنێتەوە و وتی، “دەكرێت كارمەندان بخەینە ناو بەرنامەیەكی ڕێكخستنەوەی جەستە بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ ئەوەی لەڕووی جەستەییەوە گونجاو بن بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ئەمنی بۆ سەر شوێنی بازرگانانی مادەی هۆشبەر”.
دادوەرە هندییەكە هۆكارەكەی بۆ زیادبوونی حاڵەتەكانی هەڵهاتنی تۆمەتباران لە دەست پیاوانی پۆلیس گەڕاندەوە، لەكاتی هەوڵی دەستگیركردنیاندا، ئەوەش لەڕێی بازدان بۆ سەربانی بیناكان یان سەركەوتن بەسەر دیوارەكاندا، لەكاتێكدا كارمەندانی ئەمنی نەیانتوانییوە شوێنیان بكەون.