ئاستەنگێكی یاسایی گرفت لەبەردەم هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق دروستدەكات

شارەزایانی یاسایی لە عێراق هۆشداری لەبارەی ئەو “ئاستەنگە یاسایی”ە دەدەن كە ئێستا وڵات تێیكەوتووە پاش لەدەستچوونی ڕێژەی یاسایی دادگای باڵای فیدراڵی، كە بە بەرزترین دەستەی یاسایی لە عێراق تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كێشە یاساییەكانی نێوان دەسەڵاتەكان و پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دادەنرێت.

پاش خانەنشینبوونی دادوەر- فاروق سامی، ئەندامی دادگاكە بەر لە نزیكەی ساڵێك، دادگای فیدراڵی هەوڵیدا یەكێك لە دادوەرە یەدەگەكان بۆ پڕكردنەوەی جێگەكەی دیاریبكات، بەڵام سەرجەم دادوەرانی یەدەگ خانەنشین بوون و نەتوانرا پشت بە هیچیان ببەسترێت بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی دادگا.

ئەندامانی دادگاكە مافی ئەوەیان هەیە بەدرێژایی ژیانیان یان تا ئەوكاتەی داوای خانەنشینبوون دەكەن لە پۆستەكەیاندا بمێننەوە، بەڵام ئەم بڕگەیە بەسەر ئەندامانی یەدەگدا جێبەجێ نابێت، بەڵكو ئەوان بەپێی تەمەنی یاسایی و ساڵی خزمەت خانەنشین دەكرێن.

دوێنێ یەكشەممەش بە كۆچی دوایی دادوەر عەبود تەمیمی، ئەندامی دادگای باڵای فیدڕاڵی، گرفتی دادگاكە لەڕووی ڕێژەی یاسایی زیادیكرد و بەمەش عێراق لە بەردەم گرفتێكی یاساییدایە.

سایتی ئەلحورە لەسەر زاری عەلی تەمیمی، شارەزای یاسا ڕایگەیاند، مادەی پێنجەم لە یاسای دادگا جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێویستە دانیشتنەكانی دادگا بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی دەستەی دادگا بەڕێوەبچێت و بە پێچەوانەوە بڕیارەكانی بە ناڕاست دادەنرێن.

ئەمەش واتە دادگا ناتوانێت ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان پەسەندبكات، وەك ئەوەی تەمیمی دەیڵێت و وتیشی، “بەم حاڵەوە ناتوانرێت هیچ هەڵبژاردنێكی پێشوەخت یان ئاسایی پەسەندبكرێت”.

ئەو شارەزایە پێشنیاری گەڕانەوەی كرد بۆ مادەیەكی یاسایی ڕەتكراوە لە یاسای دادگای فیدڕاڵی كە ڕێگەدەدات بە پاڵاوتنی ئەندامی ئەنجومەنی دادوەری بۆ ئەندامێتی دادگای فیدڕاڵی و دەسەڵاتی ڕەزامەندییش لەسەر پاڵاوتنەكە دەداتە “دەستەی سەرۆكایەتی” كە پێشتر سەرۆككۆمار و جێگرەكانی دەگرتەوە.

بەڵام خودی دادگا پێشتر ئەو مادەیەی ڕەتكردەوە بۆ زامنكردنی سەربەخۆییەكەی و بۆ ئەوەی “لایەنێكی دیكە دەسەڵاتی بەسەریدا نەبێت”.

بۆ چارەسەری ئەو “ئاستەنگە” وەك ئەوەی سەعید ئەلبكا باسیدەكات پێویستە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مادەیەكی جێگرەوە پەسەندبكات كە “زامنی سەربەخۆیی تەواوی دادگا بكات”.

ئەو وتیشی، “عێراق لە بەردەم بۆشاییەكی دەستوریی و یاساییدایە، لەسەر ئەنجومەنی نوێنەران پێویستە بەرپرسیارێتی مێژوویی بگرێتەئەستۆ و پەلەبكات لە دەرچواندنی یاسایی دادگا كە لە دەستوردا هاتووە”.

ئەو شارەزایە ئەوەشی خستەڕوو، هەڵبژاردنی داهاتوو لە بەردەم هەڕەشەدایە بەهۆی ناتەواویی ڕێژەی یاسایی دادگای فیدڕاڵی.

لەگەڵ دەستبەكاربوونیدا حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی بەڵێنیدا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدات وەك وەڵامدانەوەی بەشێك لە خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو كە بووە هۆی ڕوخاندنی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی.

كازمی 6ی حوزەیرانی داهاتووی بۆ ئەو هەڵبژاردنە دیاریكردووە، بەڵام پێدەچێت ئاستەنگەكان دیاریكردنی وادەیەكی دیكە بكەنە كارێكی ناچارانە.

بابەتی پێشتر

کرێى خوێندنى پارالێڵ و ئێواران بە ڕێژەی 45% کەمکرایەوە

بابەتی دواتر

پۆلیسی هندستان داوا لە كارمەندە 'قەڵەوەكانی' دەكات كێشیان داببەزێنن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ژن و پیاوێک بە چەکوش کوژران

لە رووداوێکدا ژن و پیاوێک لە پارێزگای بەسرە بە چەکوش کوژران پۆلیسی پارێزگاکەش رایگەیاند، بەمەبەستی دزیکردن تاوانەکە روویداوە.…
Total
0
Share