قوربانییانی هاتوچۆ.. وەك ئەوەی هێشتا لە جەنگدا بین

لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 850 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە

كەم نین ئەو شەقامە سەرەكییانەی بە ڕێگای مەرگ ناودەبرێن، بەڵام پێدەچێت لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و زیادبوونی ژمارەی قوربانییانى هاتوچۆ، ناوی دووەمی زۆرێكیان ببنە هەڵگری هەمان ناو، زیاتر لەوەش، شەقام وەك سەنگەرەكانی جەنگ قوربانی بۆ ماڵەكان بنێرێتەوە.

ئەگەر لە چەند ساڵی ڕابردوودا شەڕی داعش و شەڕەكانی دیكە كە لەهەرێمی كوردستان هەڵگیرساون، سەرچاوەیەكی كەوتنەوەی قوربانی بووبن، پێدەچێت لەئێستادا سەنگەری ڕانەگەیەندراوی جەنگ، ئەو شەقامانە بن، كە بڕیارە هۆكاری بەیەكگەیاندن بن، نەك مردن و دوورخستنەوەی تاهەتایی.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، تەنها لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا و لە 1ی كانونی دووەم تا 31ی ئازاری ڕابردوودا، لە سەرجەم شار و ناوچەكانی هەرێم، 850 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویانداوە.

بەهۆی ئەو ڕووداوانەشەوە 126 كەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 439 كەسی دیكەش برینداربوون.

ئەسعەد كەریم، وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، یەكێك لە سەرچاوە بنەڕەتییەكانی ڕووداوەكانی هاتووچۆ، شۆفێر خۆیەتی، ئەویش دوو هۆكاری سەرەكیی هەیە، یەكەمیان تیژڕەوی، دووەمیش بەكارهێنانی مۆبایل.

ڕاشیگەیاند، “جگە لەوەش، لە كوردستان زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل و نەبوونی سیستمی گواستنەوەی گشتی، هەروەها ئەو ڕێگاوبانانەی دەرەوەی شارەكان، كە یەكئاڕاستەن، لە هۆکارە سەرەکییەکانى دیکەى زیادبوونی ڕووداوەكانن”.

لە هەرێمی كوردستان، تا كۆتایی مانگی ئازاری ڕابردوو یەك ملیۆن و 869 هەزار و 593 ئۆتۆمبێل تۆماركراون.

لەو ژمارەیە یەك ملیۆن و 91 هەزار و 466 ئۆتۆمبێلیان تایبەتن، 96 هەزار و 787 ئۆتۆمبێلی كرێ، هەروەها 421 هەزار و 267 ئۆتۆمبێلیان بارهەڵگرن، ئەوەی دیكەش كە دەمێنێتەوە ئۆتۆمبێلی (كشتوكاڵی، بیناسازی، میری، فەحس و كارتی زانیاری و ماتۆڕسكیل)ن.

لە ساڵی 2016وە، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك، ساڵانە لەنێوان 10 تا 50 هەزار دینار ڕسوماتی بەكارهێنانی شەقام وەردەگیرێت، كە بەمجۆرەیە، (تایبەت 10 هەزار دینار، گشتی 20 هەزار، بارهەڵگر 50 هەزار، جۆرەكانی دیكە، 20 هەزار و ماتۆڕسكیل پێنج هەزار دینار).

بەمەش ساڵانە کۆى ڕسوماتی ئۆتۆمبێلی تایبەت زیاترە لە 10 ملیار و 914 ملیۆن دینار، ئۆتۆمبێلی كرێ زیاتر لە یەك ملیار و 935 ملیۆن دینار، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر زیاتر لە 21 ملیار و 63 ملیۆن دینار، كە كۆی گشتیی ڕسوماتی ئەو سێ جۆرە ساڵانە دەگاتە، زیاتر لە 33 ملیار و 913 ملیۆن دینار.

هەروەها ڕسوماتى ئۆتۆمبێلەکانى دیکە و ماتۆڕسکلیل (بەدەر لە ئۆتۆمبێلى فەحس و کارتى زانیارى) دەگاتە زیاتر لە دوو ملیار دینار، بەمەش کۆى داهاتى ساڵانەى ڕسومات دەگاتە نزیکەى 36 ملیار دینار.

دەربارەى ئەوەى ئایا هیچ بڕێک لەو پارەیە بۆ پەرەپێدانى شەقامەکان تەرخاندەکرێتەوە، مەریوان حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، هیچ بڕە پارەیەكی ڕسوماتی ڕێگاوبان نەدراوەتە وەزارەتەكەیان بەمەبەستی پەرەپێدانی شەقام و ڕێگا گشتییەكان.

هاوکات وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم بێئاگایی فەرمانگەكەی لە كۆی ئەو بڕە پارەیە نیشاندا، كە ساڵانە بەناوی ڕسوماتى بەكارهێنانی شەقام وەردەگیرێت، “بەهۆی ئەوەی پارەكە ڕاستەوخۆ لە بانكەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەكرێت”.

بەڵام ڕوونیكردەوە، پێشتر 17%ی كۆی داهات بۆ پەرەپێدانی هاتوچۆ تەرخانكرابوو.

پڕۆژەی دووسایدكردنی ڕێگای نێوان شارەكانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردندا جێگیركراوە، بەڵام پلانەكە وەك خۆی جێبەجێناكرێت، هەندێك پڕۆژە زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر دەستپێكیدا تێپەڕیووە و هێشتا تەنها نیوەی جێبەجێكراوە.

مەریوان حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون وتى، وەزارەتەكەیان سوورە لەسەر جێبەجێكردنی پلانی دووسایدكردنی ڕێگای نێوان شارەكان و هەنگاویش لەو ڕووەوە نراون.

یەكێك لەو ڕێگایانە، پرۆژەی دووسایدكردنی شەقامی سەرەكیی كەلار-سلێمانییە، كە لە 19ی كانونی یەكەمی 2017وە لە سەردەمی كابینەی هەشتی حكومەتی هەرێم كاركردن تیایدا دەستیپێكردووە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ ساڵ و چوار مانگ، هێشتا تەنها نزیكەی 53%ی پڕۆژەكە تەواوكراوە.

شەقامەکە یەکێکە لەو ڕێگایانەى ساڵانێکە بە “ڕێگاى مەرگ” ناودەبرێت، بەتەنها لە سێ مانگى یەکەمى ئەمساڵدا 12 کەس لەو ڕێگایەدا بە ڕووداوەکانى هاتوچۆ بوونەتە قوربانى و 79ى دیکەش برینداربوون.

لەكاتێكدا لەمساڵدا حكومەتی هەرێم بڕی 20 ملیار دیناری بۆ دەستپێكردنەوەی كاركردن لە پڕۆژەكەدا تەرخانكردووە، كە نزیكەی نیوەى ئەو پارەیەیە ساڵانە لە ڕسوماتی ڕێگاوبانی ئۆتۆمبێل كۆدەكرێتەوە.

لەماوەى نزیکەى سێ ساڵى شەڕى دژ بە داعشدا زیاتر لە هەزار و 700 پێشمەرگە شەهیدبوون و 12 هەزار پێشمەرگەى دیکەش برینداربوون، هەروەک 63 پێشمەرگەش چارەنووسیان بە نادیارى ماوەتەوە، لەبەرامبەردا بەهۆى ڕووداوەکانى هاتوچۆوە لەماوەى دوو ساڵى ڕابردوو و سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا، هەزار و 133 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 هەزار کەسیش برینداربوون، بۆیە پێناچێت زیادەڕۆیی بێت ئەگەر بپرسین، ئایا ئێمە هێشتا لە جەنگداین؟

بابەتی پێشتر

تیمی لێكۆڵینەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان: داعش تاوانی جەنگی ئەنجامداوە

بابەتی دواتر

عێراق.. زنجیرە كوشتنی پێش هەڵبژاردن دەستیپێكردووە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی زانیاریی نوێ لەبارەی كۆنگرەكەی هەولێر ئاشكرادەكات

ڕۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمریكی، لە ڕاپۆرتێكدا بەدواداچوونی بۆ دوایین پەرەسەندنەكانی دوای كۆنگرەكەی هەولێر كردووە، كە لەلایەن “ناوەندی پەیوەندییەكانی…
زیاتر ببینە

وادەی هەڵبژاردن دیاریكراوە، بەڵام گرفتەكانی بەردەمی چارەسەرنەكراون

له‌گه‌ڵ ئەوەی واده‌ی هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكى هه‌رێمه‌وه‌ ‏دیاریكراوه‌، به‌ڵام تائێستا یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌موارنه‌كراوه‌ته‌وه‌ و كێشه‌كانى كۆمسیۆن…
Total
0
Share