تیمی لێكۆڵینەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان: داعش تاوانی جەنگی ئەنجامداوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان

تیمی لێكۆڵینەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت، ئەو بەڵگانەی تایبەتن بە هێرشەكانی داعش بۆسەر ئێزدییەكان هەن ئاماژەن بۆ كوشتنی بەكۆمەڵ و، ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و هاندان بۆ لەناوبردنی بەكۆمەڵ دژ بە مسوڵمانانی شیعە ئاشكرادەكەن.

ئەمڕۆ دووشەممە ڕاوێژكاری تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان تایبەت بە تاوانەكانی داعش لە عێراق ڕاپۆرتێكی لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشكەشكرد.

كەریم ئەسەد ئەحمەدخان، سەرۆكی تیمی لێكۆڵینەوەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ پاڵپشتیی لێپرسینەوە لە تاوانەكانی داعش (یونیتاد) لەمیانەی پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی شەشەمی تیمەكەیدا وتی، لەپاش لێكۆڵینەوەی دادوەریی سەربەخۆ (یونیتاد) گەیشتووەتە “بەڵگەی ڕوون و بڕواپێكەر بەوەی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (ISIL) كوشتنی بەكۆمەڵی دژ بە ئێزدییەكان وەك كۆمەڵێكی ئاینی ئەنجامداوە”.

وتیشی، ئەو بەڵگانەی تیمەكە كۆیكردوونەتەوە دوپاتیدەكەنەوە كە داعش بەرپرسە لە كردەكانی لەناوبردن و كوشتن و دەستدرێژی سێكسی و ئەشكەنجە و ئەودوای تاوانەكانی دیكەی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەرهەق بە ئێزدییەكان.

دەربارەی لێكۆڵینەوەكانیش لە لەسێدارەدانی بەكۆمەڵی خوێندكارانی سەربازی و ئەندامانی ئەكادیمیای تكریتی ئاسمانی (بنكەی سەربازیی سپایكەر) كە زۆرینەیان شیعە بوون، ڕاوێژكارە تایبەتەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایش وتی، تیمەكەیان بە بەڵگەی ڤیدیۆ تاوانی هاندانی ڕاستەوخۆ و ئاشكرای تاوانی لەناوبردنی بەكۆمەڵی دژ بە مسوڵمانانی شیعە سەلماندووە، بەڵگە ڤیدیۆییەكە وێنەی ترسناكی لەسێدارەدانی بەكۆمەڵ لەخۆدەگرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، پشتبەست بەو بەڵگانەی كۆیانكردووەتەوە، تیمەكەیان گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ئەو هێرشانە تاوانی جەنگن كە خۆیان لە كوشتن و ئەشكەنجە و مامەڵەی توند و هێرش بۆسەر كەسایەتی لەخۆدەگرن.

هێڵێكی دیكەی لێكۆڵینەوەكە پەرەپێدان و بڵاوپێكردنەوەی چەكی كیمیایی لەلایەن ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لەخۆدەگرێت، بەپێی ئەو بەڵگانەی تایبەت بە جێبەجێكردنی بەرنامەی چەكی كیمیایی لە كارگەكانی زانكۆی موسڵ دەستكەوتن پاش ئەوەی ڕێكخراوەكە لە ساڵی 2014دا دەستی بەسەرداگرتووە.

بەرپرسەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بەوەشكرد، هاوشان لەگەڵ بەڵگەكان، پشتیان بە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای پێشكەوتوو و لەنێویشیاندا زیرەكی دەستكرد بۆ شیكردنەوەی ئەو زانیارییانەی كۆیانكردووەتەوە بەستووە، لەو هەوڵانەدا سوود لە كۆمپیوتەر و مۆبایلە كەسییەكانی چەكدارانی داعش وەرگیراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو پێشكەوتنەی تائێستا لە كاری تیمەكەیاندا هاتووەتە ئاراوە ڕێگاخۆشكەر بووە بۆ دادگایی كردنی ئەندامانی داعش لەسەر تاوانی نێودەوڵەتی لە عێراق.

لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش و سزادانی بكەرانی، هەرێمی كوردستان كار بۆ دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە دادگاییكردنی چەكدارانی داعش دەكات.

پێشتر عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، چوارشەممەی ڕابردوو 5ی ئایار خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ پرۆژەیاسای دروستكردنی دادگایەك تایبەت بە دادگاییكردنی چەكدارانی داعش كردووە.

وتیشی، كار لەسەر ئەوەدەكەن لە دوای جەژنەوە خوێدنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساكە بكەن، تا دواتر پەسەندبكرێت و چیتر دامەزراندنی دادگایەكی تایبەت بۆ دادگاییكردنی چەكدارانی داعش دوانەكەوێت.

دەربارەی ئەوەی ئایا دادگاكە، جگە لە چەكدارە كوردەكانی داعش، دەسەڵاتی دادگاییكردنی چەكدارە بیانییەكانی داعشی دەبێت؟ جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی ڕونیكردەوە، “بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە، هەموو ئەو چەكدارە بیانییانەی لەعێراق و هەرێمی كوردستان دەستگیركراون، دەتوانرێت دادگای بكرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا نەبووەتە یاسا، بواری گۆڕانكاریكردنی تێدا ماوە”.

لە هەرێمی كوردستان، عێراق و ڕۆژئاوای كوردستان ژمارەیەكی زۆر ئەندام و چەكداری دەستگیركراوی داعش هەن، كە بەشێكیان خەڵكی عێراق و سوریان، بەڵام ژمارەیەكیشیان چەكدارانی وڵاتانی دیكە و بیانین، هەندێك لە وڵاتان تائێستا ئامادەنین ئەو چەكدارانە وەربگرنەوە، بەتایبەتیش ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان گرفتی گەورەی بۆ دروستبووە، ژمارەیەكی زۆر ئەندام و چەكداری داعش لە زیندانەكانیدا هەن و چەند ساڵێكە داوا لە وڵاتان دەكات، ئەو چەكدارانە وەرگرنەوە.

بابەتی پێشتر

شارەوانی سلێمانی هەواڵی فرۆشتنی خوێندنگاكان ڕەتدەكاتەوە

بابەتی دواتر

قوربانییانی هاتوچۆ.. وەك ئەوەی هێشتا لە جەنگدا بین

بابەتی پەیوەندیدار