فرۆشتنی پێشوەختی نەوت عێراق دەگەیەنێت بەچی؟

کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراقی سۆمۆ، پێشنیاریکردووە بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ گرێبەستێک بە هەناردەکردنی بڕی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی مانگانە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەبەرامبەر پێدانی پارەی پێشوەختە بە عێراق.

کۆمپانیای سۆمۆ هۆکاری ئەو پێشنیارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە مەبەست لێی هاوکاریکردنی گەنجینەی دەوڵەتی عێراقە، بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی وڵات و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی نەختینەی وڵات.

چۆنێتی گرێبەستەکە:

لەوبارەیەوە شارەزای بواری نەوت، فەلاح عامری ڕایگەیاند، “بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوان کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا جیهانییەکاندا دەکرێت، دوای واژووکردنی گرێبەستەکە خەمڵاندن بۆ نرخی نەوت دەکرێت بەهۆی ئەوەی ئێستا نرخی نەوت جێگیر نییە، دوای واژوو کردنی گرێبەستەکەش پارەی فرۆشتنەکە بۆ ماوەی ساڵێک دەچێتەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق”.

بەپێی ئەو گرێبەستانەی پێشتر بۆ فرۆشتنی نەوت لە عێراق کراوە، دوای مانگێک یان دوو مانگ لە فرۆشتنی نەوت عێراق پارەکەی وەردەگرت، بەڵام لە ڕێککەوتنی کۆتاییدا ئەمە گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە و عێراق پێشوەختە داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ ماوەی ساڵێک وەردەگرێت، کە دەبێت لە ماوەی 30 ڕۆژدا ئەو پارەیە بداتە عێراق و  پارەکەش دەچێتە سەر هەژماری دەرەوەی عێراق سەربە وەزارەتی دارایی.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی بلومبێرگ ئاشکرایکرد، حکومەتی عێراق نامەیەکی نهێنی ڕەوانەی کۆمپانیا نەوتییەکانی جیهان کردووە و داوای لێکردوون بۆ فرۆشتنی نەوتی عێراق و وەرگرتنی پارەکەی پێشوەختە، لە نامەکەدا داوادەکات لە دەوروبەری 27ی تشرینی دووەم کە هاوکاتە لەگەڵ ئەمڕۆدا وەڵامی داواکارییەکە بدەنەوە.

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەشکردووە کە عێراق بە دابینکردنی بڕی ملیارێک دۆلار لە فرۆشتنی پێشوەختەی نەوت دەتوانێت، موچەی فەرمانبەرانی وڵاتەکەی دابینبکات بەبێ ئەوەی ڕێژەی قەرزی وڵاتەکەی بەرزببێتەوە.

لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی عێراق ڕەتیدەکەنەوە:

ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئاژانسی بلومبێرگ کورتهێنانی حکومەتی عێراق لە موچەی فەرمانبەرانیدا نزیکەی 3.5 ملیار دۆلارە، هەروەها قەرزەکانی سەر عێراق لە دوای نزمبوونەوەی نرخی نەوت چوار ملیار دۆلار بووە لە ئەمساڵدا لەکاتێکدا لە ساڵی 2019دا نیوەی ئەو بڕەبووە.

لەمبارەیەوەحازم خالیدی، سەرۆکی لیژنەی چاودێریکردنی جێبەجێکردنی کارەکانی حکومەت و پلانی ستراتیجی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کە بەتوندی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ فرۆشتنی پێشوەختەی نەوت بۆ ساڵانی داهاتوو ڕەتدەکەینەوە لەمکاتەدا کە نرخی نەوت بەتەواوی دابەزیوە، لە ڕاستیدا ئەم جۆرە گرێبەستانە زیاتر دەبێت بەشێوەی قەرز بێت و نەوت وەک گرەنتی ئەو قەرزە دەرەکییانە دابنرێت.

خالیدی دەشڵێت، “بەداخەوە زیانێکی گەورەیە گرێبەستێکی لەوجۆرە، کە عێراق لەم کاتەدا و بە نرخی ئێستا نەوت بفرۆشێت و بیدات بەو کۆمپانیا نەوتییانە بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو، لەکاتێکدا چاوەڕێدەکرێت نرخی نەوت گۆرانکاری بەسەردا بێت بەتایبەت دوای کۆتاییهاتنی کۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر جموجوڵی ئابوری”.

سەرۆکی لیژنە پەرلەمانییەکەی عێراق دەڵێت، “ئەگەر حساباتێکی ئاسایی بکەین بۆ گرێبەستەکە، بەپێی گرێبەستەکە مانگانە چوارملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، بەم نرخەی ئێستا و بڕی سودی کۆمپانیاکانیش 1.5 ملیار دۆلاری ساڵانەیە بەمجۆرەش بڕی زیانەکان لە ماوەی پێنج ساڵی گرێبەستەکەدا زیاتر دەبێت لە حەوت ملیار دۆلار”.

“یەکەمجارە عێراق پەنا بۆ گرێبەستێکی لەوجۆرە ببات”

بەپێی لێکدانەوەیەکی ئاژانسی بلومبێرگ، عێراق ئەگەر مانگانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات کە لە گرێبەستەکەدا پێشنیار کراوە، کە دەکاتە ڕۆژانە نزیکەی 130 هەزار بەرمیلی هەناردەکراو، ئەوا کۆی ئەو بڕە پارەیەی بۆ ساڵی 2021 وەریدەگرێت یەک ملیار دۆلار و کەمێک زیاترە.

ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت پشتدەبەستن بە فرۆشتنی پێشوەختی نەوتەکەیان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە داراییەکانیان، بەڵام عێراق یەکەم جارە پەنا بۆ ئەمجۆرە فرۆشتنە ببات.

گەنجینەی عێراق بەڕێژەی %90 بۆ بودجەی وڵات پشتدەبەستێت بە داهاتی نەوت، لە ئەمساڵدا بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بودجەی عێراق توشی کورتهێنانێکی زۆر بوو کە کاریگەرییەکەی گەیشتە ئاستێک حکومەتی عێراق نەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابینبکات و بۆ دابینکردنی موچە پەنا بباتە بەر قەرزی ناوخۆیی.  

بابەتی پێشتر

زەریف لەسەر کوژرانی زانا ئەتۆمییەکەی ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد

بابەتی دواتر

لە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای زیقار چوار کەس کوژران و فەرماندەی پۆلیس دورخرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

 لە پارێزگای هەڵەبجە بۆ هەرزانکردنی کرێی گواستنەوە بەنزین دەدرێت بە ئۆتۆمبێلەکانی هێڵی گواستنەوە

  قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە ڕایگەیاند بۆ ڕێگریکردن لە گرانبوونی کرێی گواستنەوەی هاوڵاتییان بڕێک بەنزین دەدرێت بە ئۆتۆمبێلەکانی…
Total
0
Share