ڕۆژنامەیەكی ئەمریكی زانیاریی نوێ لەبارەی كۆنگرەكەی هەولێر ئاشكرادەكات

ڕۆژنامەی “نیویۆرك تایمز”ی ئەمریكی، لە ڕاپۆرتێكدا بەدواداچوونی بۆ دوایین پەرەسەندنەكانی دوای كۆنگرەكەی هەولێر كردووە، كە لەلایەن “ناوەندی پەیوەندییەكانی ئاشتی”یەوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەناوی “كۆنگرەی ئاشتی و ئاساییكردنەوە” ڕێكخرا و تیایدا داواكرا عێراق پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاساییبكاتەوە.

بەپێی ڕۆژنامەكە، كاربەدەستێكی گەورەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی لەسەر سازدانی كۆنگرەكە دەربڕیوە و پێشوەختە ئاگاداری ناوەڕۆكەكەی بووە، جگە لەوەی هاوكاریی لۆجستیی كۆنگرەكەی كردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لایەنە حكومییە فەرمی و حزبییەكانی عێراق بەتوندی لەدژی كۆنگرەكەی هەولێر وەستانەوە و داوای دەستگیركردن و سزادانی ڕێكخەران و بەشێك لە بەشداربووانی كۆنگرەكەیان كرد.

ڕاپۆرتەكە ئاشكرایكردووە، “ڕوبەڕووبوونەوە” لەنێوان دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان و ئەو بەرپرسە ئەمنییانەی عێراق كە دەیانەوێت بەشداربووانی كۆنگرەكە دەستگیربكەن ڕوویداوە، “چونكە هەرێمی كوردستان ئامادەنییە ڕادەستی حكومەتی عێراقیان بكات”.

بەپێی ڕۆژنامەكە، شێخ ویسام ئەلحەردان، وتەبێژی كۆنگرەكە كە سەرۆك هۆزێكی سوننی خەڵكی ئەنبارە، هەڕەشەی لەسەرە و ئێستا لەگەڵ ژمارەیەكی تر لە بەشداربووانی كۆنگرەكە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پارێزگارییان لێدەكرێت.

ئەم زانیارییانەی ڕۆژنامەكە ئاشكرایاندەكات، دوای ئەوە دێن كە حكومەتی هەرێم جەختیكردەوە هەموو ئەو بەشداربووانەی كۆنگرەكە كە بڕیاری دەستگیركردنیان بۆدەركراوە، لە هەرێمی كوردستان نەماون و هەولێریان بەجێهێشتووە.

لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامە ئەمریكییەكەدا هاتووە، “گروپێك بەناوی ‘سەرایا ئەولیا ئەددەم’ كە پێشتر بەرپرسیارێتیی خۆی لە چەند هێرشێكی سەر هەولێر ڕاگەیاندبوو، دوای كۆنگرەكە هەڕەشەیكردووە بەوەی دواناكەوێت لە سووتاندنی هەموو پێگە و بارەگاكانی خیانەتكاران بە مووشەكی زیرەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان”.

“نیویۆرك تایمز” باس لەوە دەكات كە حكومەتی هەرێمی كوردستان “پەیوەندیی ئەمنیی نافەرمی و پەیوەندیی دیكەی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە” و دوای كۆنگرەكە ڕەتیكردووەتەوە هانی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا بدات، یاخود ڕێگەی بە سازدانی ئەو كۆنگرەیە دابێت.

“چەند بەڵگەنامەیەكمان بینیوە ئاشكرایدەكەن كاربەدەستێكی گەورەی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر سازدانی كۆنگرەكە دەربڕیوە و ئاگاداری ناوەڕۆكەكەی بووە و لەڕووی لۆجستییەوە پشتیوانیكردووە”، ڕۆژنامە ئەمریكییەكە وایبڵاوكردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتیدا دوو کەس کوژران

بابەتی دواتر

خەرجی مووچەی ڕیاڵ حەوت هێندەی بەرشلۆنەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share