عێراق.. زنجیرە كوشتنی پێش هەڵبژاردن دەستیپێكردووە

ڕۆژنامەنوسان مۆمی یادگاری لە شوێنی كوژرانی هاوەڵەكەیان دادەگیرسێنن

ئەحمەد حەسەن، بووە ڕۆژنامەنوسی ژمارە 89 لەنێو ئەوانەی ڕوبەڕووی كوشتن یان هەوڵی كوشتن بونەتەوە كە تائێستا ڕۆژنامەنوس و چالاكوانانی عێراقی گرتووتەوە، بەپێی ئەو ژمارانەی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق بڵاویكردوونەتەوە.

حەسەن ڕۆژی شەممە ڕوبەڕووی دەستڕێژی گولـلە بووەوە و یەكێك لە گولـلەكان لە سەریدا جێگیربوو و، بەهۆیەوە لەنێوان ژیان و مردندا ماوەتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەو نەشتەرگەرییە چەند كاتژمێرییەی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی بەغداد بۆ ئەنجامدرا، لە دووری نزیكەی 130 كیلۆمەتر لە شوێنی هەوڵی كوشتنەكەی، لەنزیك ماڵەكەی لە پارێزگای دیوانییە.

سەرەڕای ئەوەی دۆخی حەسەن جێگیرە، بەڵام تائێستا لە دۆخی كۆمای پزیشكیدایە، پزیشكان پێیانوایە ناوەندەكانی جوڵە لە مێشكیدا بەتەواوی و هەمیشەیی زیانی بەركەوتووە، ناشزانرێت لە پێكانەكە دەربازدەبێت یان نا.

ژمارەكانی كوشتن زیادیكردووە
كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی عێراق هۆشداریدا لە زیادبوونی حاڵەتەكانی كوشتن و تیرۆر دەرهەق بە چالاكوانان، وەك ئەوەی فازڵ غڕاوی، ئەندامی كۆمسیۆنەكە بڵاویكردووەتەوە.

غڕاوی وتی، “هۆشداریدەدەین لە ڕۆچوونە ناو مەترسییەكی گەورە لە وڵات ئەگەر زنجیرەكانی تیرۆر و لەناوبردن بەردەوام بێت كە وشەی ئازاد دەكاتە ئامانج”.

هەوڵی كوشتنی حەسەن بە تەنها ڕۆژێك دێت دوای كوشتنی ئیهاب وەزنی، چالاكوانی دیاری خۆپیشاندانەكانی كەربەلا لە ناوەڕاستی شارەكە.

كۆمسیۆنەكە لە بەیاننامەیەكی دیكەیدا هۆشداریدا لە شەپۆلێكی نوێی بەئامانجگرتن و لەناوبردن و كوشتنی چالاكوان و ڕۆژنامەنوس و كەسانی خاوەن بۆچوون و ئازاد.

ئەحمەد حسێن، ڕۆژنامەنوسی عێراقی دەڵێت، “زۆرینەی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بەرهەڵسكار لە ترسی بەئامانجگرتنیان عێراقیان جێهێشتووە یان خۆیان گەیاندووەتە هەرێمی كوردستان”.

سایتی ئەلحوڕە لەسەر زاری حسێن وتیشی، “پرسی پارێزراوی ئەمنی گومانی تیایە تەنانەت لە هەرێمیش” دوپاتیشیدەكاتەوە پاش سێ مانگ لە پەنابردنەبەر هەولێر، ڕووبەڕووی هەڕەشە بونەتەوە و هەندێكیان ماڵەكەیان تەقێنرایەوە، یان بە ئاشكرا هەڕەشەی لێكراوە.

حەسەن باسم، چالاكوان لە ناسڕیە دەڵێت، لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە خانووەكەیان تەقێندراوەتەوە، ئەمەش پاش بەشداریكردنی لە خۆپیشاندانەكانی پارێزگاكە.

باس لەوەشدەكات حكومەتی خۆجێی و دەزگا ئەمنییەكان هیچ هەنگاوێكیان بۆ پارێزگاریكردنی نەناوە.

پاش تەقاندنەوەكە، باسم دووجار لە دەستگیركردن دەربازی بووە، بەر لەوەی بڕیاری هەڵهاتن بۆ بەغداد و لەوێشەوە بۆ ئەستەمبول لە توركیا بدات.

لە بەرامبەردا سەرچاوەیەكی ئەمنی دەڵێت، ئەوەی باس لە پشتگوێخستنی هێزە ئەمنییەكان دەكات لە پرسی پاراستنی ڕۆژنامەنوس و چالاكوانان ڕاست نییە.

ئەوەشی وت، “دەزگا ئەمنییەكان تۆڕێكی هەڵوەشاندووەتەوە كە چالاكوانانی لە بەسڕە بەئامانجدەگرت و دەیكوشتن”.

بەپێی ئاژانسی فڕانس پرێس لەوەتەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە میلییەكان لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2019ەوە سەریهەڵداوە، زیاتر لە 70 چالاكوان كوژراون یان ڕوبەڕووی هەوڵی كوشتن بوونەتەوە، دەیانی دیكەش بۆ ماوەی كورت ڕفێندراون.

ئاژانسەكە دەڵێت، “زۆرینەی ئەوانەی ڕوبەڕووی كوشتن بوونەتەوە، ئەوانەن كە دژ بە گەندەڵی و دەسەڵات و قەڵەمڕەویی ئێران و میلیشیا چەكدارەكانن”.

ڕۆژنامەنوسانی عێراقی دەڵێن، ساڵانی هەڵبژاردن بەردەوام توندوتیژتر دەبێت و زیادبوونی لە ژمارەكانی كوشتندا تۆماردەكرێت.

مستەفا ناسڕ، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی بەرگری لە ئازادیی ڕۆژنامەنوسی دەڵێت، “ئەمجارە كوشتن زووتر دەستیپێكرد”.

ئەو وتیشی، “لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێك، بەر لە بانگەشەی هەڵبژاردن زنجیرەیەك كردەی كوشتن و بەئامانجگرتن بە پاڵنەری سیاسی و حزبی دەستپێدەكات”.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

قوربانییانی هاتوچۆ.. وەك ئەوەی هێشتا لە جەنگدا بین

بابەتی دواتر

بنەماڵەی میرانی بابان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار