دادگای پێداچوونەوە: بڕیاری سزادراوانی بادینان هێشتا پله‌ی كۆتایی وه‌رنه‌گرتووه‌

ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕونکردنەوەیەکی لەبارەی سزادراوانی بادینانەوە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، ئه‌و بڕیاره‌ هێشتا پله‌ی كۆتایی وه‌رنه‌گرتووه‌ و قۆناغی دیكه‌ی تانه‌لێدانی ماوه‌.

لە ڕونکردنەوەکەدا هاتووە، ” بۆ زانیاری هه‌موو لایه‌ك ئه‌و بڕیاره‌ هێشتا پله‌ی كۆتایی وه‌رنه‌گرتووه‌ و قۆناغی دیكه‌ی تانه‌لێدانی ماوه‌، كه‌ ئه‌ویش قۆناغی داواكردنی ڕاستكردنه‌وه‌ی بڕیاری پێداچوونه‌وه‌یه‌ (طلب تصحیح القرار التمییزی) به‌ پێی یاسا، سزاداراوان ده‌توانن تانه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌”.

ڕونکردنەوەکە لە بەشێکیدا دەڵێت، ” له‌باره‌ی ناوهاتنی كونسوڵخانه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاو ئه‌ڵمانیا له‌ چوارچێوه‌ی خستنه‌ڕووی ئه‌و زانیاری و به‌ڵگانه‌دا بووه‌ كه‌ تاوانباران دانیان پێدا ناوه‌، ئێمه‌ جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ ناوهێنانی ناوی ئه‌و كونسوڵخانانه‌ له‌سه‌ر زاری تاوانبارانه‌وه‌یه‌ و دادگا ئه‌وانی به‌ تۆمه‌تبار نه‌زانیوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ چوارچێوه‌ی كاری دیپلۆماسی و یاسا به‌ركاره‌كان ئاماده‌یی ته‌واوی خۆمان نیشان ده‌ده‌ین بۆ ئاگاداركردنیان له‌ هه‌موو زانیاری و به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنته‌كانی دۆسیه‌ی ناوبراوان به‌ مه‌به‌ستی ده‌ركه‌وتن و نیشاندانی راستیه‌كان”.

دادگای پێداچوونەوە و ئەنجومەنی دادوەری ئاماژەیان بەوەکردووە، ” سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێم / ده‌سته‌ی سزایی/2 به‌ ژماره‌ (468/ ده‌سته‌ی سزایی2 /2021) له‌ رێكه‌وتی 28/4/2021 كه‌ كاردانه‌وه‌ی جۆراوجۆی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌، ئێمه‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ له‌ هه‌موو قۆناغه‌كانی دادگایی كردن و بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ زانیاری و به‌ڵگه ‌و دیكۆمێنتی دروست و به‌و په‌ڕی پیشه‌یی و یاساییانه‌ و سه‌ربه‌خۆییانه ‌و بێلایه‌نانه‌ مامه‌ڵه‌مان كردووه‌. بۆیه‌ به‌شێك له‌و كاردانه‌وه‌ و هه‌ڵوێست نواندنانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری دادگاكان و رێزنه‌گرتنه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌ركی ئێمه‌ و هه‌موو هاووڵاتیان و لایه‌نه‌ سیاسی و مه‌ده‌نیه‌كانه‌ كه‌ پابه‌ند بین به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و حوكمی یاساو بڕیاری دادگاكان”.

بابەتی پێشتر

وشكەساڵی و كەمبارانی ئەمساڵ كێشەی كەمئاوی بۆ ماڵانیش دروست دەكات

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) دۆرتمۆند، بایرن میونشنی بۆ نۆیەمجار لەسەریەک کردە پاڵەوانی بوندس لیگ

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەرمی ژنێك لە هەولێر دۆزرایەوە

پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانیان تەرمی ژنێكیان لە نزیك تونێلی میراوە دۆزیوەتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بەیانی ئەمڕۆ بڵاویكردەوە،…
Total
0
Share