لە شاری بوشەهری ئێران، ئاگرێکی گەورە کەوتەوە، کە وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر-ی لێیە، بەپێی وتەی بەرپرسانی شارەکە، ئاگرەکە بەخێرایی تەشەنەدەكات.
ئاژانسی فارس نیوزی ئێرانی بڵاویکردەوە، ئاگرەکە لە ناوچە كەناراوییەكانی شارەکە کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە.
بەپێی میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە، تائێستا هیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان و برینداربوون بەهۆی ئاگرەکەوە تۆمارنەكراون.
لە مانگی ڕابردوودا، دوای ئەوەی تەقینەوەیەک لە دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز-ی ئەو وڵاتە ڕوویدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تەقینەوەكە تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لەو وڵاتە کرد.
پێشتریش دامەزراوەی نەتەنزی ئەتۆمی و ویستگە ئەتۆمییەکانی دیکەی ئێران ڕوبەڕووی ئەو جۆرە ڕووداوانە بوونەتەوە، بەردەوام تاران بە کردەوەی تێکدەرانە ناویبردوون و تەلئەبیبی تۆمەتبار کردووە.