ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)،ڕایدەگەیەنێت، هیچ هێرشێک لەلایەن گەریلاكانیانەوە بۆ سەر خاڵەکانی پیشمەرگە نەکراوە، داواش دەكەن ئەگەر هێزەكانی پێشمەرگە پشتگیرییان ناکەن، نەکەونە ناو دۆخیک لە شەڕدا ئاستەنگ بۆ گەریلاكانیان دروست بکات.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، لەڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە،” چەند میدیایەك هەپەگە، بەهێرشكردنە سەر هێزی”پێشمەرگەی پارتی”، لە سیدەکان تۆمەتبار دەكات، بەڵام ڕایدەگەیەنین، کە هیچ هێرشێک لەلایەن ئێمەوە بۆ سەر خاڵەکانی پیشمەرگە، نەکراوە.
ئاماژەبەوەشكراوە، لە دژی توركیا کە دەخوازێت کوردستان داگیر بکات، بەرخۆدانێکی مێژوویی دەکەن، ئەوەش بەرخۆدانێکی نەتەوەیی و پیرۆزە و چاوەڕوانیش دەكەن کە هێزی پیشمەرگە، بەشداریی ئەم بەرخۆدانە میژوویی و پیرۆزە ببن و پشتگیرییان بکەن.
هەپەگە، لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەندراوەكەی باسیلەوەكردووە، ئەگەر هێزەكانی پێشمەرگە پشتگیرییان ناكەن، دەبێت نەکەونە ناو دۆخێک، کە لە شەڕدا ئاستەنگ بۆ گەریلاكانیان دروست بکەن.
دەربارەی جێگیركردنی چەند خاڵێك لەلایەن لیوای پاسەوانی سنور، لە ناوچەكانی سنوری دهۆك هەپەگە دەڵێت،”ڕۆژی ٤ی ئایار هێزەكانی پاسەوانی سنوور، كە لە پێشمەرگە و هێزەكانی بە ناوی عێراقەوە پێكدێن، لە چەند خاڵێكی هەرێمی مەتیا جیگیر بوون، ئێمە هەوڵمان دا لە دۆخی ئەو هێزانە تێبگەین و هیچ ئاستەنگێکمان بۆ درووست نەکردن، بەڵام ئێمە بە نیگەرانییەوە لە ئامانجەکانی ئەوان دەڕوانین و چاودێرییان دەکەین”.