لەبەر پێنج هۆکار مباپێ پەیوەندی بە ڕیاڵ مەدریدەوە دەکات

کیلیان مباپێی فەرەنسی لە یانەی پاریس سانت جێرمان بەردەوام نابێت، چەندین یانەی گەورەی وەک ڕیاڵ مەدرید، بەرشلۆنە، مانچستەر یونایتد، لیڤەرپوڵ بۆ مەبەستی گواستنەوەی پەیوەندیان بە لێپرسراوی کارەکانیەوە کردووە.

ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ڕاپۆرتێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیکردووە، ڕۆیشتنی مباپێ پەیوەندی بە بوارە داراییەکانەوە نییە، چونکە ناوبراو بڕی (20) ملیۆن یورۆ وەک موچەی ساڵانە لە پاریس بەدەستدەهێنێت، ئەگەر خواست لەسەر نوێکردنەوەی بۆندەکەی نیشان بدات، ناسڕ خلێفی و هاوەڵانی لە سەرۆکایەتی پاریس ئامادەن زیاتر لەو بڕەی بۆ تەرخان بکەن تاوەکو دەگاتە ئاستی نێیمار و ئەو بڕەش بە یانە داواکارەکان دابین ناکرێت.

بەپێی سەرچاوەکە، هۆکاری ڕۆیشتنی ئاسکە فەرەنسیەکە لە پاریس بۆ پەیوەندیکردنە بە یانەی ڕیاڵ مەدریدەوە نەک یانەیەکی دیکە، ئەوەش لەبەر پێنج هۆکار.

 زینەدین زێدان: ئاسکە فەرەنسیەکە پێی وایە زێدان مامۆستا و ئیلهامبەخشیەتی، لەلایەن باوکیەوە زانیاری لەبارەی ئەفسانە فەرەنسیەکە پێدراوە و وەک نمونەی ژیانی لێی دەڕوانێت، خەون دەبینێت کاری لەگەڵدا بکات و تەنانەت لەتەمەنی (12) ساڵیدا خەونەکانی بەبینینی “زیزۆ” لە بارەگای ڕیاڵ مەدرید هاتەدی.

چامپیۆنزلیگ: لە ماوەی چوار وەرزدا مباپێ بەشداری خولی یانە پاڵەوانەکانی کردووە و لە چنینەوەی نازناوەکە شکستیهێناوە، لەگەڵ مۆناکۆ بە قۆناغی نیوەی کۆتایی و بەدرێسی پاریسەوە بە یاری کۆتایی گەیشتووە، بۆ بەرزکردنەوەی جامەکە پێویستی بە پۆشینی درێسی شاهانەیە کە خاوەنی ژمارەی پێوانەییە لە بەدەستهێنانی جامەکە.

تۆپی ئاڵتونی: مباپێ لە ئێستادا یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان، بەڵام بۆ گەیشتنی بە لوتکەی تۆپی پێ پێویستی بە یانەیەکی باڵادەستە، ئەو یانایەش ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانییە، یاریزانەکە پێویستی بە چواردەور و پاڵپشتێکی بەهێزە هاوشێوەی ئەو پاڵپشتییەی لە ساڵی 2018 لە لوکا مۆدریچ کرا بۆ تێپەڕاندنی مێسی و کریستیانۆ و لە ئامێزگرتنی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان.

سانتیاگۆی نوێ: ساڵی 2022 یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ نوێدەکرێتەوە و دەبێتە ناوزاترین پڕۆژەی ئەندازیاری وەرزشی لە کیشوەری ئەوروپا، ئەم یاریگایە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی بەهای دارایی و بازرگانی یانەی مێرەنگی و سەرجەم یاریزانان، مباپێ تێدەگات کە یاریکردنی لەم یاریگایە دەیگەیەنێتە لوتکەی تۆپی پێ.

فەرەنسیەکان: ئەگەر مباپێ پەیوەندی بە ڕیاڵەوە بکات هەست بە نامۆبوون ناکات، بوونی بنزیمە و ڤاران و مێندی لە پێکهاتەی یاریزانان و زێدان وەک ڕاهێنەر دەبێتە هۆکارێک بۆ خێرا خۆگونجاندنی لە ژووری جلگۆڕینەکان.

بابەتی پێشتر

تۆپی پێ ئاسایی نابێتەوە.. سبەینێ تیروپشکی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدەدرێت

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە.. لە مانگاکانی سیتیێنەوە بۆ گایە هارەکانی کومان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share