‘تین تین’ بۆ بەرشلۆنە گونجاوە؟ گەشتێک بەنێو هزری کومان و شێوازی یاریکردنی

لەو ساتەوە لویس ئینریکی لە پۆستی ڕاهێنانی یانەی بەرشلۆنە دوورخراوەتەوە، ڕۆناڵد کومان پاڵێوراوبووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، بەڵام لەهەر دەرفەتێکدا ڕاهێنەرێکی نەگونجاو پەیوەندی پێوەکردوون و یانەکە لە قەیرانەوە بۆ قەیران هەنگاویناوە.

لەدوای دوورخستنەوەی ئێرنێستۆ ڤاڵڤێردی چانس بە ئەفسانە هۆڵەندییەکەدرا، لەو کاتەدا ڕەتیکردەوە ئەرکەکە بخاتەسەر شانی خۆیی و هۆکارەکەشی بۆ کارکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئاشەوانە پرتەقالییەکانی هۆڵەندا گەڕاندەوە.

لە ئێستادا و دوای دوورخستنەوەی کیکی سیتیێن، ئیدارەی بارسا توانیان ڕەزامەندی کومان بەدەستبهێنن و بەفەرمی وەک ڕاهێنەری یانە ناساندیان.

بەپێچەوانەی بەڵێن و پەیمانەکانی ڤاڵڤێردی و سیتیێن، سەرەتا کومان پێویستی بە کۆنتڕۆڵکردنی ژووری جلگۆڕینەکان و چەندین گۆڕانکاری ڕادیکالییە لەڕێگەی دوورخستنەوەی هەندێک لە یاریزانان و گواستنەوەی چەندینێکی دیکە، ئەگەرنا هیچ ڕاهێنەرێک لە پۆستی ڕاهێنانی یانە مێژووییەکەدا سەرکەوتوو نابێت.

دەزانێت تیکی تاکا چییە

لە سەردەمی زێڕینی بارسا، کومان بەرگریکارێکی کارا و کۆڵەکەی پێکهاتەی یۆهان کرۆیفی هاونیشتیمانی بوو، بەهۆی بەهێزی جەستە و لێدانە ڕاستەوخۆکانیەوە لە کەتەلۆنیا بە “تین تین” ناویدەردکردبوو.

پێشتر ڕاهێنانی بە هەڵبژاردەی هۆڵەندا و یانەکانی ئێڤەرتن و ساوزامپتن لە ئینگلتەرا، ڤالێنسیا لە ئیسپانیا و ئەیاکس و فاینۆرد لە وڵاتەکەی کردووە.

ناوبراو لەژێر چاودێری یۆهان کرۆف یاریکردووە، دەزانێت تۆپی پێی هەمەچەشنە کە لە کەتەلۆنیا بە “تیکی تاکا” ناودەبرێت چییە و چۆن ئەنجامدەدرێت، هەروەها حەزی بە بەرەوپێشبردنی لاوانە و دەرخستنی تواناکانی ماتیاس دی لێخت و فرینکی دی یۆنگ کاری کومان بووە.

چۆن بیردەکاتەوە؟

لە چاوپێکەوتنێکدا کومان دەڵێت، ” من ڕاهێنەرێکم حەزم لە یاریکردنە بە پلانی (4-3-3)، بەڵام ئەم پلانە کتێبی پیرۆز نییە، من پیاوێکم پێش ڕووداوەکان دەکەوم و لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەک کاردانەوەم دەبێت، لەسەر ئەم بنەمایە هەندێجار پلانەکانم بۆ (4-2-3-1) و (3-4-3) دەگۆڕم، واتا بەپێی پێویستی پێکهاتەکەم لە ڕووبەڕوبوونەوەکان دەگونجێنم”.

ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە وەک یاریزان لە پێگەی بەرگری یارییکردووە و لە گرنگی هێڵەکە تێدەگات، لەم بارەیەوە دەڵێت، ” حەزم بەوەیە هێڵی بەرگری بەهێزم هەبێت و هەمیشە داوا لە سەنتەرەکانی بەرگری دەکەم بوێربن و لە دواوە بەشداری بونیادنانی هێرشەکان بکەن، لە هەندێک حاڵەتی تاکتیکیشدا داوا لە بەرگریکاران دەکەم بە تۆپی درێژ یاریی بۆ پشتی هێڵی بەرگری ڕکابەران بکەن”.

لە سەردەمێکدا کە باڵەکانی بەرگری بوونەتە یەکلاکەرەوەی تاکتیکی ڕاهێنەران، کومان دەڵێت، ” زۆرم حەز بە هەڵکشانی باڵەکانی بەرگرییە، دەمەوێت بەرەوپێش بچن، بەهەمان ئەو شێوازەی لە یانەی ئێڤەرتۆن و هەڵبژاردەی هۆڵەندا یاریم کردووە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێنادەم لەناوچەی پۆزیشندا بمێننەوە، بەردەوام داوایان لێدەکەم لە نزیک هێڵی لاکانی یاریگا بمێننەوە بۆ کردنەوەی یاریگا بەڕووی پێکهاتەکەدا، بە کورتیەکەی حەزم بەو باڵە بەرگرییانەیە کە هێرشبەری یاریدەکەن، نەک ئەو باڵانەی بەشێوەی هەڵگەڕواە کاریان پێدەکرێت”.

ڕاهێنەری نوێی بارسا یەکێکە لەو ڕاهێنەرانەی گرنگی ئەوتۆ بە هێڵی ناوەند، بەتایبەت ناوەندی بەرگری دەدات، لەم بارەیەوە ڕایدەگەیەنێت، کە پێگەی ناوەندی بەرگری “زۆر گرنگە”، بەوپێیەی یاریزانان لەم پێگەیەدا دەتوانن کۆنتڕۆڵی ڕیتمی یاری بکەن، نمونەش مۆرگان شنایدەرلینە لە ئێڤەرتۆن و فرینکی دی یۆنگ لە هەڵبژاردەی هۆڵەندا.

لەبارەی ناوەندکارانی دیکەوە، دەڵێت، ” دوو ئەرکیان لەسەر شانە، یەکەمیان ڕوماڵکردنی یاریگا و ئەرکە بەرگرییەکانە، دووەمیشیان یاریکردنە لەڕووی هێرشبەرییەوە وەک یاریدەدەری هێرشبەران و ڕەخساندنی گۆڵ”.

بە زیاتر گەشتکردنمان بە هزر و بیرکردنەوەی کومان، بۆمان دەردەکەوێت چەندین ئەرکی دیکە بە باڵەکانی هێرشبەری دەبەخشێت.

ئەفسانەکەی هۆڵەندا، دەڵێت، ” هەمیشە داوا لە باڵەکانی هێرشبەری دەکەم ڕووە و قوڵایی یاریگای یانەی ڕکابەر هەڵبکشێن، ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ هەڵکەوتنی دەرفەتی گۆڵکردنی زیاتر، بە جێبەجێکردنی ئەم ڕستە تاکتیکیانە مەوداکان بەڕووی هێرشبەراندا دەکرێنەوە”.

ڕەنگە ئەم شێوازە لەگەڵ بەرشلۆنە جێبەجێبکات و کاریگەری هەبێت، لە کاتێکدا یانەکە خاوەنی لیۆ مێسیە لە باڵی ڕاست و عوسمان دیمبیلی لە باڵی چەپ، یاخود ئانسو فاتی.

ئەفسانەکەی بارسا لەبارەی هێرشبەرانەوە بۆچوونی تایبەتیی هەیە، حەزی بە هێرشبەرە ڕاوچییەکانە، یاخود ئەو هێرشبەرانەی بە “فاڵس 9” ناودەبرێن.

لە ئێڤەرتن وەک هێرشبەری نادیار یاری بە ڕومێلۆ لوکاکۆ کردووە، بەهەمان شێوە مێمفێس دیپای لە هەڵبژاردەی هۆڵەندا، هەردوو هێرشبەرەکەش لەنێو یاریگای ڕکابەراندا جیاوازیان دروستکردووە.

بیری کومان و بەرشلۆنە

با وای دابنێین بەپێی ئەو پێوەرانەی ئاماژەیان بۆکرا بیرکردنەوەی کومان بۆ بەرشلۆنە زۆر گونجاوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: دوور لە کێشەی کارگێڕی و هونەری چاوەڕێی چی لەم ڕاهێنەرە دەکرێت؟

یەکەم: خێرایی جوڵەکردن بە تۆپ و بەبێ تۆپ، سویچکردنی خێرا لە ناوەندی یاریگاوە بۆ هێرشبردن، ئەم کردارە چەندین ساڵە لەلایەن ڕاهێنەرانی بەرشلۆنەوە داواکراوە و جێبەجێ ناکرێت.

دووەم: گرنگیدان بە گواستنەوەی درێژ لەباری درێژیی یاریگا، لەکاتێکدا یانەی بەرشلۆنە لەسەردەمی ڤاڵڤێردی و سیتیێن بەدەست گواستنەوەی بەردەوامی تۆپ لەباری پانی یاریگا و پۆزیشنی بێسوودەوە دەیناڵاند، لەگەڵ کومان ڕەنگە گواستنەوەی زیاتر لە باری درێژی یاریگا ببینین، کە ئەوەش کاریگەری لەسەر ڕێژەی گۆڵ و شێوە یاریکردنیان دروستدەکات.

سێیەم: فرینکی دی یۆنگ، یان بۆسکێتس (ئەگەر لە بارسا بەردەوامبێت)، یان میرالیم پیانیچ لە پێگەی ناوەندی بەرگری بەهێزترین کارتی ڕۆناڵد کومان دەبن، خاڵی دەستپێکی هێرشەکان و بزوێنەری ڕیتمی یاریکردن دەبن لە خاوەوە بۆ خێرا، یان لە خێرا بۆ خاو، هەر یەکێک لەم سیانەیە دەبنە دڵێک بۆ جەستەی بارسا.

چوارەم: لە ئەگەری گەڕانەوەی فیلیپی کۆتینیۆی بەرازیلی دووبارە لەدایکدەبێتەوە، ئەگەر کومان بەردەوام حەزی بە بوونی ناوەندکارێکی هێرشبەری بێت بەتایبەت لەپلانی (4-2-3-1)، کۆتینیۆ باشترین هەڵبژاردەیە و ڕۆڵی گەورەی پێدەدرێت.

پێنجەم: بەرەوپێشبردنی لاوان و پێدانی چانسی زیاتر پێیان، بەوپێیەی ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە لەهەر یانە و پێکهاتەیەک کاریکردبێت گرنگی بە بەهرەی لاوان داوە، لەم ئەرکەدا ڕاهێنەرانی پێشوو لە نمونەی ڤالڤێردی و سیتیێن شکستیانهێناوە، سەرباری ئەوەی یانەکە خاوەنی لاماسیا و باشترین ئەکادیمیای تۆپی پێیە لە جیهاندا.

لەکۆتاییدا دەگەینە ئەو بۆچوونەی، کومان دەتوانێت لەگەڵ ئەستێرەکانی ئازولگرانا سەرکەوتووبێت، لەهەمان کاتدا ئەگەر هەیە بەهۆی خراپی پلاندانانی ئیدارەی یانەوە شکستبهێنێت، بەتایبەت کە ئیدارەی بارتومیۆ دەستی لە کارنەکێشاوەتەوە و بەلایەنی کەمەوە تا هاوینی 2021 لە بڕیاردان بەردەوامدەبن، بەڵام بەوپیێەی یانەکە لە دۆخێکی نەخوازراودایە و پێویستی ئەوتۆیان بە کومانە، ڕەنگە ڕاهێنەری نوێ بتوانێت کۆنتڕۆڵی ژووری جلگۆڕینەکان و پلانەکانی یانەش بکات.

یەکێکی دیکە لە ئەگەرەکان، گۆڕانکاری ڕادیکالییە لە پێکهاتەی ئازولگرانا و کڕینی ئەو یاریزانانەیە بۆ شێوە یاریکردنی کومان و بارسا گونجاون و دەتوانن گۆڕانکاری دروستبکەن.

ئەرکی نوێی کومان زۆر قورسە، بەڵام مەحاڵ نییە، “تین تین” پیاوی ئەرکە مەحاڵەکانە و گەڕاندنەوەی هۆڵەندا لە سفرەوە بۆ لوتکەی تۆپی پێ بەڵگەیە لەسەر ڕاستڕەوی پلان و بیرکردنەوەی.

بابەتی پێشتر

پێرکاسی.. ئەو یاریزانە بازرگانەی و ئاتالانتای لە سفرەوە گەیاندە چامپیۆنزلیگ

بابەتی دواتر

پێکهاتەی وەرزی داهاتوو چێڵسی چۆن دەبێت؟ دوو پلان و پێکهاتەی جیاواز

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share