“ماچ دەی” زنجیرەی دوکۆمێنتاری بەرشلۆنە نھێنیەکانی ئەو یانەیە ئاشکرا دەکات

زنجیرەی دوکۆمێنتاری “ماچ دەی” تایبەت بە ژووری جلگۆڕینەکان و یاریزانانی یانەی بەرشلۆنە، بە ھەشت ئەڵقەی یەک لەدوایەک لە پلاتفۆرمی تەلەڤیزیۆنی کۆمپانیای ڕاکوتینەوە ٢٩ی نۆڤێمبەری ٢٠١٩ لە ئەوروپا نمایش دەکرێت.

“ماچ دەی” واتا “ڕۆژی یاریی” زنجیرەیەکی دوکۆمێنتاری تەلەڤیزیۆنییە تیایدا نھێنی ژووری جلگۆڕینەکانی یانەی بەرشلۆنە ئاشکرا دەکات بەشێوەیەک کە ھەرگیز نمایش نەکراوە، لە کیشوەری ئەوروپا لەڕێگەی ” VOD platform Rakuten TV” بۆ یەکەم جار بڵاودەکرێتەوە، بینەران و ھەوادارانی بارسا دەتوانن لەڕێگەی ئەم زنجیرەیەوە ئاشنای وردەکاری ڕووبەڕوبونەوەکانی وەرزی ڕابردووی یانە کەتەلۆنیەکە ببن ڕۆژ بەڕۆژ لەناوخۆی یانەوە بۆ ژیانی تایبەتی یاریزانان، لەنمونەی: لیۆنێل مێسی و جێرارد پیکێ و مارک ئەندرێ تێر شتیگن و لویس سوارێز و ئێرنیستۆ ڤالڤێردی ڕاھێنەر.
زنجیرەکە دابەشبووە بەسەر ھەشت ئەڵقەدا و ماوەی ھەر ئەڵقەیەک (٤٥ خولەک) دەبێت، تیایدا فۆکس خراوەتە سەر ھەشت ڕووبەڕوبونەوە گرنگ و چارەنوسازەکانی وەرزی ڕابردوو (٢٠١٨/٢٠١٩)، تەواوی ئەڵقەکانی لە کەناڵی کۆمپانیای ڕاکوتین بەشێوەی فری پەخش دەکرێت.

چیرۆکەکانی “ڕۆژی یاریی” لەلایەن جۆن ماڵکۆڤیچی ئەکتەری ناوداری ھۆلیودەوە دەخوێنرێتەوە و لەلایەن ستودیۆکانی بەرشلۆنەوە بە ھاوکاری ستودیۆکانی “ڕاکوتین ئاودیۆ ڤیژواڵ پرۆدێکت” و کۆمپانیای “کۆزمۆ” ستودیۆس”ی تایبەت بە جێرارد پیکێی بەرگریکاری یانە و “پرۆدەکشنز دیل باریۆ”وە بەرھەم دەھێنرێت.
ھەر ئەڵقەیەک لە زنجیرە دوکۆمێنتارییە ناوازەکە تایبەت دەبێت بە ڕووبەڕوبونەوەیەکی وەرزی ڕابردوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە کەناڵی بارساوە بڵاوکراونەتەوە، دوو ئەڵقە تایبەت دەبێت بە کلاسیکۆی (٥ – ١)ی یاریگای “کامپ نو” لەگەڵ کلاسیکۆی “کۆپا دێل رێ” کە تیایدا یانە ئیسپانیەکە بە ئەنجامی (٣ -٠) بردنەوە بەدەست دەھێنێت، نھێنی ژووری جلگۆڕینەکان و چۆنیەتی ئامادەکاری یاریزانان بۆ ئەو ڕووداوە مێژووییە لەناوخۆی یانەوە ئاشکرا دەکرێت.

ئەڵقیەکی تری زنجیرەکە تایبەت دەبێت بە شکستە ڕەشەکەی “چامپیۆنزلیگ” لە یاریگای “ئانفێڵد ڕۆدز” بەرامبەر یانەی لیڤەرپوڵ، چۆنیەتی خەمۆکی و خەمباری یاریزانان لەو یارییە مێژووییەدا ئاشکرا دەکات لەسەرەتای گەشتەکەیانەوە تا گەڕانەوەیان بۆ فڕۆکەخانەی “ئیل پرات” لەشاری بەرشلۆنە.

جگە لە ڕووداوەکانی ناو یاریگا، لە زنجیرەکەدا ئاماژە بە ژیانی تایبەتی چەند یاریزانێک کراوە، بۆنمونە کامێرای تایبەت چووەتە نێو ماڵی لویس سوارێز لە کاتێکدا خوانێک بۆ خۆیی و مێسی و جۆردی ئەلبا سازدەکات، ھەروەھا وردەکاریەکانی ناو ماڵی جێرارد پیکێی بەرگریکار و چەندین نھێنی لەسەر ژیانی تایبەتیان لەگەڵ شاکیرای ھونەرمەند و منداڵەکانی دەدرکێنێت، یاخود ماڵەکەی تێر شتیگن نمایش دەکات ئەوکاتەی لەگەڵ ھاوسەرەکەی دیکۆرات و دیزانێکی نوێی دەکەن.

بابەتی پێشتر

(٢٠) خاڵی مێژوویی "بالۆن دۆر" ئەو خەڵاتە گەورەیەی ئەمشەو پێشکەشی باشترینی جیھان دەکرێت

بابەتی دواتر

ڕووداوە نەخوازراوەکانی کلاسیکۆ لە شەڕە بوتڵەکەی مەدریدەوە بۆ سەرە بەرازەکەی فیگۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share