كۆمسیۆن: لە یاسای هەڵبژاردندا بوار بۆ ساختەكاری نەهێڵدراوەتەوە

وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ڕایدەگەیەنێت، لەیاسای نوێی هەڵبژاردنەكاندا هیچ بوارێك بۆ ساختەكاری و گۆڕانكاری لە دەنگەكاندا نەهێڵدراوەتەوە.

جومانە غلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، كۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

وتیشی، “هەڵبژاردەكە لەژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان دەبێت و، پێشبینی دەكەین هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز لەوانی پێشووتر بەڕێوەبچێت”.

دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە هەوڵی گۆڕانكاریكردن لە هەڵبژاردندا دەكەن، وتەبێژی كۆمسیۆن ئەوەی خستەڕوو، “هەموو كەس ئازادە چی دەڵێت، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو پڕوپاگەندانەی بڵاودەكرێتەوە، كۆمسیۆن هەموو ڕێكارێك دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی دووربێت لەو ئەگەرانە”.

جەختی لەوەشكردەوە، لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكاندا هیچ بوارێك نەماوە بۆ دەستكاریكردن و ساختەكاری.

لەبارەی كاندیدەكانیش جومانە ئاشكرایكرد، لەئێستادا ماوەی كاندیدكردنی لایەنەكان كۆتاییهاتووە، وردبینی لە ناوی كاندیدی لایەن و هاوپەیمانێتییەكان دەكرێت، دواتریش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەستەی دەستپاكی لێكۆڵینەوەیان لەسەر دەكرێت.

ژمارەی كاندیدەكانی هەڵبژاردن لە ئێستادا زیاتر لە سێ هەزارە، بەڵام بەرپرسەكەی كۆمسیۆن دەڵێت، ئەو ژمارەیەی لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە دوای وردبینیكردن پەسەنددەكرێن، دەبێتە ژمارەی كۆتایی.

لەسەر ئاستی لایەنەكانیش 44 هاوپەیمانی و 267 پارت و لایەنی سیاسی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردن تۆماركراون، وەك ئەوەی جومانە ئاشكرایكرد.

بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشخراوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت.

بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئامادەكارییەكانی دەستپێكردووە.

بابەتی پێشتر

ئیسرائیل.. سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ ڕاسپێردرا

بابەتی دواتر

پردێ.. هێزەكانی پێشمەرگە خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share