ئێران و تورکیا ئاو لە عێراق دەبڕن

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق هۆشداریی دەدات، کە ئێران و تورکیا بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، بەردەوامن لەسەر گرتنەوەی ئاوی ئەو ڕووبارانەی كە دەڕژێنە عێراقەوە، لەو چوارچێوەیەدا توركیا سەرقاڵی دروستكردنی بەنداوێكی دیكەیە لەسەر ڕووباری دیجلە.

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، “تورکیا بەنداوێکی دیکە لەسەر ڕووباری دیجلە دروستدەکات و لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکەدا هێندەی دیکە عێراق دەخاتەبەر مەترسیی کەمئاویەوە”.

کازم سەحەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی بەنداو لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بە میدیای فەرمیی عێراقی ڕاگەیاندووە، تورکیا بەنیازە پرۆژەی بەنداوێکی نوێ بەناوى “جەزیرە” لەسەر ڕووباری دیجلە جێبەجێبکات، کە بۆ عێراق لە بەنداوی ئەلیسۆ مەترسیدارترە و پێشهاتێکی مەترسیداری ژینگەیی بۆ عێراق دەهێنێتە پێشەوە.

ئەو بەرپرسە عێراقییە، نەیشاردووەتەوە کە ترس و دوەودڵییان هەیە بەرامبەر بەڵێن و لێکتێگەیشتنەکانی تورکیا لەبارەی ئاوەوە، چونکە بەنداوی ئەلیسۆ، وا ڕاگەیەندراوە، کە بۆ وەبەرهێنانی کارەبا بەکاردەهێنرێت، ئەگەر وابێت دەبێت بەردەوام ئاو لەبەنداوەکەوە بەربدرێتەوە بۆ وەبەرهێنانی کارەبا، بەڵام دەرکەوتووە بەنداوەکە بۆ ئاودێرییە.

هەر لەسەر ئەو پرسە، مەهدی حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، وڵاتی ئێران ڕێڕەوی ئەو ڕووبارانەی گۆڕیوە کە دێنە ناو خاکی عێراقەوە، لەكاتێكدا ئەوانە بەسروشتی خۆیان ڕێڕەوەکانیان بە خاکی عێراقدا تێدەپەڕێت و پەیوەندیی بە ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی دەوروبەرەوە نییە، بۆیە ئەو کارە پێچەوانەی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکانە.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. ساتی شێلانی منداڵێک لەلایەن ئۆتۆمبێلێکەوە

بابەتی دواتر

ئەمریکا: لەگەڵ عێراق وەڵامی ئەوانە دەدەینەوە هێرشەکەی سەر ماڵی کازمییان ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share