دوابەدوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نوسینگەی هاوسەرۆكانی یەكێتی دەڵێت، جەختکرایەوە لەسەر دروستکردنی کەشێکی ئارام و وەلانانی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان و دۆزینەوە و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش.
ئەمڕۆ سێشەممە بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازییان کرد لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر جێگرانی سەرۆکی ھەرێم.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەی هاوسەرۆكانی یەكێتی، لە دیدارێکدا کە ڕەفعەت عەبدوڵڵا و ڕزگار عەلی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ئەمین بابە شێخ و د. میران محەمەد ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، گفتوگۆکرا دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و دۆخی سیاسیی ئێستا و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی نوسینەوەی دەستورێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان.
جەختیشکرایەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆی هەمەلایەنە و پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کاری پێکەوەیی لەپێناو دروستکردنی متمانەیەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئیمزاکراوانەی کە لە نێوان لایەنەکان هەیە بە تایبەت لەسەر بابەتە نیشتیمانیی و ستراتیژییەکان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.
ڕونیشیدەكاتەوە، جەختکرایەوە لەسەر دروستکردنی کەشێکی ئارام و وەلانانی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان و دۆزینەوە و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکان و بەرگریکردن لە مافەکان.
لە دیدارەکەدا هاوسەرۆکانی یەكێتی سوپاسی سەرۆکی هەرێمیان کرد بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی کە دەیبینێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان، هاوکات ڕووناکییان خستەسەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە بوونەتە مایەی قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان. ڕوانینی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان دووپاتکردەوە بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان و گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و هەر پڕۆژە و بڕیارێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.
ئاماژە بەوەشكراوە، وەک کوردیش بە پێویستیانزانی لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان لایەنەکان دروستبکرێت و بەرژەوەندیی گشتی زاڵ بکرێت لەپێناو داکۆکیکردنی زیاتر لە مافە نەتەوەییەکان و بەھێزی پێگەی کورد لە بەغداد بە تایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و نەفەوتانی دەنگی کورد.
لای خۆیەوە سەرۆکی هەرێم پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ هەڵوێست و ڕوانینە واقیعییەکانی هاوسەرۆکانی یەکێتیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی نێوان لایەنەکان.