مەزهەر محەمەد، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی بودجەی تەواوکاری ساڵی 2021ەوە دەڵێت، بەهۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی، لەمساڵدا عێراق بودجەی تەواوکاریی نابێت.
لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی، ڕاوێژکارەكەی مستەفا کازمی ڕایگەیاند، “پێشبینی ناکەم ئەمساڵ بودجەی تەواوکاریمان هەبێت، پەسەندکردنی بودجەی گشتی ماوەیەکی زۆری خایاند و پەسەندکردنەکەشی لە کاتێکی کەمدابوو، بودجە دەبێت لەسەرەتای ساڵەوە ئامادەبێت تاوەکو بەرچاوڕوونیمان هەبێت لەسەر داهاتی نیوەی یەکەمی ساڵەکە، بۆئەوەی بزانین ئایا پێویستمان بە بودجەی تەواوکاری دەبێت یان نا؟”.
مەزهەر محەمەد، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش بە هۆکارێکی دیکە دادەنێت بۆ نەبوونی بودجە تەواوكارییەكە، دەڵێت، “بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هۆکارێکی باشە بۆئەوەی پێویستمان بە بودجەی تەواوکاری نەبێت، بەتایبەت کە ئەمساڵ بودجە لەسەر بنەمای کورتهێنان دانراوە، بۆئەوەش دەتوانین سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وەربگرین وەک جێگرەوەی قەرزکردن”.
ڕاشیگەیاندووە، هەموو ساڵێك بودجەی تەواوكاری لە مانگی حوزەیراندا ئامادەدەکرێت، تاوەکو باشتر کۆی داهات و پڕۆژە و کورتهێنانەکان لەبەرچاوبن.