ئەنفلۆنزا یان ئەنفلوەنزا، نەخۆشییەکی گیرۆییە کە بە ھۆی ڤایرووسی( ئار ئێن ئەیەوە (لە خێزانیOrthomyxoviridae)) توشی مرۆڤ دەبێ، بەگشتی سێ جۆر ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا بە ناوەکانی (A B C) ھەیە و لە دۆخی ئاساییدا ماوەی نەخۆشی ٣ تا ٤ ڕۆژە.
ساڵانە بەتایبەت لە وەرزی پایزدا بەهۆی ئاڵوگۆڕی کەشوهەوا خەڵکانێکی زۆر توشی ئەم جۆرە ڤایرۆسە دەبن، لە گرنگترین نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە بریتیە لە ئازاری قورگ و سەرئێشە و هەوکردنی لوت و ئازاری جەستە و تا و لەرز.
هەندێک لە شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، کە کەسی توشبوو ئاساییە چالاکییە وەرزشییە بەهێزەکان ئەنجام بدات و هەندێک دووپاتی دەکەنەوە، وەرزشکردن بۆ سوڕی هەناسەدان سودی هەیە و چالاکی ڤایرۆسی (ئاڕ ئێن ئەی) کەم دەکاتەوە.
ئایا لەکاتی توشبوون بە ئەنفلۆنزا وەرزش ئاساییە؟
بەپێی هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان، وەرزشکردن لەکاتی توشبوون بە ئەنفلۆنزا هەندێجار ئاساییە و هەندێجاری تریش بەپێچەوانەوە، بەشێوەیەکی گشتی پزیشکەکان داوا دەکەن کەسی توشبوو لێکدانەوەی خێرا بۆ ئازارەکانی بکات و توشبووان بەگشتی دەکەن بە دوو بەشەوە و بۆ هەر بەشێکیش ڕێنمایی تایبەت دەدەن.
بەشێک ئەوانن کە ئازار لەبەشی سەرەوەی قورگ و ملیاندا هەیە و بەشێکی تریش ئەوانەن کە ئازار لەبەشی خوارەوەی قوڕگ و ملیاندا هەیە:
• ئەگەر توشبوو هەست بە تەنگەنەفەسی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەشی بکات، یاخود کۆکە و ئازاری جەستەی هەبێت، باشترە چالاکی وەرزشیی ئەنجام نەدات
• ئەگەر توشبوو تەنها هەوکردنی لوت و قوڕگی هەبێت ئاساییە وەرزش بکات.
بۆچی توشبووانی بەشی دووەم سود لە وەرزشکردن وەردەگرن؟
بەپێی هەندێک لە لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان، ئەوانەی بەشێوەیەکی سوک دووچاری ئەنفلۆنزا دەبن و ئازاری جەستە و تەنگەنەفەسی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەشیان توش نەبووە، ئاساییە ئەگەر وەرزش ئەنجام بدەن، کە ئەوەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەناسەدان و خێراکردنی سوووڕی هەناسە، بەوشێوەیەش کەسی توشبوو لە کێشەی گیرانی لوتەکانی ڕزگاری دەبێت، هەروەها بەهۆی خێرابوونی سوڕی خوێنەوە ڕێژەیەکی زیاتری ڤایرۆسی (ئاڕ ئێن ئەی) فڕی دەداتە دەرەوەی جەستەی.