لاپۆرتا لە کومانەوە دەستیپێکردووە و بە ئیزاک کۆتایی پێدەهێنێت

سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە، خوان لاپۆرتا پڕۆژەی نوێی دەستپێکردووە، کۆتایی بەو پڕۆژەیە هێناوە کە جوسێپ بارتۆمیوی سەرۆکی پێشوو پەیڕەویکردووە.

ڕۆژنامەی مارکا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، بارودۆخی دارایی یانەی بەرشلۆنە گەیشتووەتە دۆخێکی مەترسیدار و بەرپرسانی یانەکە ناچاربوون کۆتایی بەو پڕۆژە شکستخواردووە دارایی و وەرزشییەی ستافی بارتۆمنیو بهێنن، کە چەندین ساڵە یانەکە پەیڕەویدەکات.

بەپێی سەرچاوەکە، تاوەکو چەند ڕۆژی ڕابردوو لاپۆرتا ناچاربووە بە پلانەکانی ستافی پێشوو بڕوات، بەڵام حاڵی حازر دەستی بە جێبەجێکردنی بیرۆکە و پلانەکانی خۆی کردووە.

سەرەتا لە ڕۆناڵد کومانەوە دەستیپێکردووە، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی سەرەتایی، بڕیارە لەم هەفتەیەدا داهاتووی ڕاهێنەرە هۆڵەندییەکە لە کامپ نو یەکلاییبکاتەوە.

یەکێکی دیکە لە کێشە گەورەکان کە بەم نزیکانە یەکلاییدەکاتەوە، کەیسی نوێکردنەوەی گرێبەستی مێسییە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

گواستنەوەکان

گواستنەوەکانی هاوینی 2021 بۆ لاپۆرتا جیاوازدەبێت، بەوپێیەی یانەکە پێویستی بە نوێکارییە و مانەوە و بەردەوامبوونی لیۆ مێسی بەهەمان بابەتەوە بەندە.

سەرچاوەکە جەخت لە ڕێککەوتنی نێوان سەرۆکی یانە و ئیریک گارسیای بەرگریکاری مانچستەر سیتی، هەروەها مێمفس دیپای هێرشبەری لیۆن و جۆرجینیۆ ڤایناڵدومی ناوەندکاری یانەی لیڤەرپوڵ دەکاتەوە.

هەوڵەکانی ستافی بارسا لە ئێستادا بۆ دابینکردنی سێرجیۆ ئەگوێرۆ، یاخود ئەلیکساندەر ئیزاکی هێرشبەری یانەی ڕیاڵ سۆسیداد دەستپێکردووە.

فرۆشتن گەورەترین کێشەیە

بەر لە گواستنەوەی یاریزانان، ئیدارەی ئازولگرانا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە و ناچارن چەندین یاریزانیان بفرۆشن.

فرۆشی یاریزانان دوو ئامانجی گەورە دەپێکێت، یەکەمیان پەیوەندی بە قەیرانە داراییەکان و پڕکردنەوەی کەلێنەکانی سەردەمی کۆرۆناوە هەیە، دووەمیشیان بۆ تەرخانکردنی بڕێک پارەیە بۆ واژووکردنی بۆندە نوێیەکان.

کێشەی ستافی لاپۆرتا لە جۆری بۆندە واژووکراوەکانی سەردەمی بارتۆمیودایە، زۆرینەیان بەرەو کۆتایی دەچن و لە ئێستای بواری تۆپی پێدا هەمان بڕی تێچووی ساڵانی ڕابردوو بۆ خەزێنەی یانە ناگەڕێننەوە، هەروەها بەهۆی پێکان و دابەزینی ئاستی هەندێکیانەوە، یانە کڕیارەکان خواستیان لەسەر هەندێک لەو یاریزانانە نیشاننەداوە.

بابەتی پێشتر

وەزیری ناوخۆ: بەشێك لە چاكسازییەكانی وەزارەت پەیوەستە بە حزبەكانەوە

بابەتی دواتر

ژاپۆنییەکان دژی ئۆڵۆمپیاد دەوەستنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share