وەزارەتی بەرگریی تورکیا لەسەر ڕاگەیاندنی دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو دوو ئۆپەراسیۆنە بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە و هێزی ئاسمانی و زەمینی تێدا بەشدارن.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاندووە، “ئۆپەراسیۆنەکانی تریشقە و بروسکە لەسەر سنورەکانی عێراق بەردەوامن و ئامانج لێی لێدانە لەو شوێنانەی کە پەکەکەی لێیە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا ئاماژە بەوەشکراوە کە هێزی ئاسمانی و زەمینی لەو ئۆپەراسیۆنەدا بەشدارن.
ماوەی دوو ڕۆژە سوپای تورکیا هێرشی بۆسەر ئاڤاشین و دەوروبەری دەستپێکردووە و پارتی کرێکارانی کوردستانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردووە کە ڕێگریان لە بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکە کردووە و چەند سەربازێکی تورکیاش کوژراون.
لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سنورەکانی باشوری کوردستان، هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوبەری کەجەکە داوا لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات هەڵوێستیان هەبێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کەجەکە داوای لە ڕۆشنبیر، هونەرمەند، گەنجان و خەڵکی باشوور کرد لەدژی هێرشەکانی تورکیا لە سەرتاسەری باشووری کوردستان هەڵوێست بنوێنن.