ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: ڕێگایەکی سەخت لەبەردەم عێراق و هەرێمی کوردستانە بۆ ڕێککەوتن

گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی، ئەمڕۆ سێشەممە 5ی کانونی دووەم ڕایگەیاند کە ڕێگایەکی سەخت لەبەردەم حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پەرلەمان و پەسەندکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021دا لە 20ی کانونی یەکەمی 2020دا لەسەری ڕێککەوتن.

گۆڤارە ئەمریکییەکە لە زاری ساجد جیاد، توێژەری عێراقی لە (پەیمانگای سەدە)ی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، “بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت پەرلەمان پەسەندی بکات، بەڵام ناڕەزاییەکی زۆر لە پەرلەمانی عێراق هەیە سەبارەت بەو بەندانەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بۆیە ئەگەری هەیە ئەو ڕێککەوتنە دوابکەوێت یان پەکبخرێت یان هەر جێبەجێ نەکرێت”.

هەروەها تارا شوان، بەڕێوبەری جێبەجێکاری پەیمانگای ئابوری ئەمریکی بە گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی وتووە، “کوردستان سورە لەسەر چونە پێشەوە و مامەڵە کردن لەگەڵ عێراق بەڵام ئەمە لە عێراق پێچەوانەیە و لە عێراق ئەو ئامادەییە نابینرێت بۆ مامەڵە کردن نییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان”.

بەپێی ڕەشنوسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای نیشتمانی عێراق (سۆمۆ) بکات، لەبەرامبەردا هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە بودجەی عێراق پێدەدرێت و ئەمەش یەکێکە لە پرسە هەپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد.

ساجد جیاد ڕایگەیاندووە، “یەکێکی دیکە لەو پرسانەی لەنێوان هەردوولادا مشتومڕی لەسەرە ئەو ڕێککەوتنەیە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کراوە بۆ هەناردەکردنی نەوت و قەرزەکانی سەر هەریمی کوردستان، قەبارەی موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی”.

دەشڵێت، “هەروەها حکومەتی عێراق دەیەوێت هەرێمی کوردستان داهاتی گومرگ و باج ڕادەست بکات و یاساکانی حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکات لەبارەی کۆچ و گواستنەوە و دەسەڵاتی دادوەری”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەگەر حکومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیە ڕەوانە نەکات بۆ هەرێمی کوردستان. هەرێم مایەپوچ دەبێت و ناتوانێت موچەی فەرمانبەرانی حکومی بدات و قەرزەکانی بداتەوە”.

دەشڵێت، “ئەو ڕێککەوتنە لەگەڵ عێراق و ناردنی پشکی هەرێم دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ حکومەتی هەرێم لە دابینکردنی پابەندییە مانگانەکانی بەڵام ئەمە چارەسەرێکی مەودا درێژ نییە بۆ هەرێمی کوردستان”.

بابەتی پێشتر

كۆرۆنا.. "پەنجەرەكان بە كراوەیی بهێڵنەوە"

بابەتی دواتر

چیرۆکى ئەو گەنجەى لەتە پیتزایەکى بە 150 ملیۆن دۆلار کڕى

بابەتی پەیوەندیدار
Total
34
Share