سەرەڕای ئەوەی سێ ڕۆژە ئاگربەست لە هەرێمی قەرەباغ بە نێوەندگییری ڕوسیا ڕاگەیەنراوە کەچی هێشتاش ئازەربایجان و ئەرمینیا یەکدی تۆمەتبار دەکەن بەوەی پابەندنەبوون بە ئاگربەستەوە و بەردەوامن لە بۆردومان.
جوزێپ بورل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دوێنێ یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، “نیگەرانییەکان لەبارەی شەڕی قەرەباغەوە بەردەوامە و ئەوەی کە یەکێتیی ئەوروپای نیگەرانتر کردووە ئەوەیە کە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی قوربانیانی مەدەنی زیاتر دەبێت”.
هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا کە بە بەدیهێنەری ئاگربەستەکە دادەنرێت داوای لە هەردوولا کرد پەیوەستبن بەو بەڵێنەی کە لە ڕوسیا داویانە و وتویانە شەڕ ڕادەگیرێت.
لەماوەی دوو هەفتەدا لەشەڕی قەرەباغ لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا زیاتر لە 300 سەرباز و مەدەنی کوژراون، سەرەڕای ئەوەی سێ ڕۆژ پێش ئێستا ئاگربەست لە هەرێمەکە ڕاگەیەنرا، بەڵام وەک دەردەکەوێت ئاگربەستەکەش نەیتوانی دەرمانی برینەکان بکات و وەک ڕۆژەکانی پێش ئاگربەست شەڕ بەردەوامە و خەڵکی مەدەنیی ناوچەی شەڕ بەجێدەهێڵن.