بەپێی ڕاپۆرتێكی كۆنگرێس، كۆریای باكوور بەنیازە تواناكانی پێشبخات، بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی ئەمریكا ببەزێنێت.
ئاژانسی یونهابی هەواڵی كۆریای باشوور ئاشكرایكردووە، لە ڕاپۆرتێكدا، كە لەلایەن كۆنگرێسی ئەمریكاوە بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە كراوە، كوریای باكوور بەنیازە تواناكانی پێشبخات بۆ ئەوەی سیستمی بەرگریی موشەكیی ئەمریكا لەناوچەكە (ئاسیا) ببەزێنێت.
ڕاپۆرتەكە لەلایەن خزمەتگوزاریی توێژینەوەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا CRS)) دەركراوە، ئاشكرایكردووە، پیۆنگ یانگ هەوڵی پێشخستنی جۆرێكی نوێی چەك دەدات بۆ ئەوەی ئەو ئامانجەی بەدیبهێنێت.
ئاژانسەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، سیستمی بەرگریی موشەكی ئەمریكا لە ناوچەكە، ئەو سیستمەش دەگرێتەوە كە لە كۆریای باشوور جێگیریكردووە.
مەترسییەكان لەو موشەكە بالیستییەیە، كە كۆریای باكوور دروستیكردووە و لە جۆری “KN-23″یە، لە كۆتاییەكانی مانگی ڕابردووشدا دوو لەو موشەكانەی تاقیكردەوە، كە بە سوتەمەنیی ڕەق كاردەكات و دەتواندرێت كڵاوەی ئەتۆمیشی لێببەسترێت.
ڕاپۆرتەكەی كۆنگرێس مەترسیی ئەوەی لەبەرچاو گرتووە، كە لەناوبردنی ئەو موشەكە بە ئاسمانەوە ئاسان نییە.