بافڵ تاڵەبانی: ناکرێت بەناوی بەها نیشتمانییەکانەوە کاری ڕۆژنامەنوسی سنووردار بکرێت

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

هاوسەرۆكی یەكێتی بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی كوردی، پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنوسان دەكات و دەڵێت، “ناکرێت چیتر بەناوی یاساوە سنوورەکانی کارکردن بەرتەسکبکرێتەوە و ئازادییەکان زەوتبکرێن و بەناوی بەها نیشتمانییەکانەوە کاری رۆژنامەنوسی سنووردار بکرێت”.

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە پەیامێكی بەبۆنەی یادی 123 ساڵەی ڕۆژنامەگەریی کوردی بڵاوكردەوە، وێڕای گەرمترین پیرۆزبایی لە ڕۆژنامەنوسان، دەڵێت، لەم ڕۆژەدا لەحزوری خاوەن قەڵەمە پڕگەوھەر و بوێرەکانی وەک میقداد مەدحەت بەدرخان، پیرەمێرد، حسێن حوزنی موکریانی، عەبدولرەحمان زەبیحی و ئیبراھیم ئەحمەد، بەڕێزەوە ڕادەمێنین و یاد و یادەوەرییان دەکەینە سەرمەشقی شکاندنی بەربەستەکانی بەردەم ئازادی و ئازادیی ڕادەربڕین و ڕەخنەلەخۆگرتن.

بافڵ تاڵەبانی دەشڵێت، “ڕۆژنامەگەری پیشەیەکی باڵایە و ناکرێت چیتر بەناوی یاساوە سنوورەکانی کارکردن بەرتەسکبکرێتەوە و ئازادییەکان زەوتبکرێن و بەناوی بەها نیشتمانییەکانەوە کاری ڕۆژنامەنووسی سنووردار بکرێت، پێویستە ڕۆژنامەنووسان ئازا و بوێر بن لە نیشاندانی ڕاستییەکان و گەیاندنی زانیارییەکان، چاودێرێکی وردبن بەسەر دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەرییەوە و ڕۆڵی کاریگەرتر ببینن لە پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی”.

“ئێمە بەڕێزەوە پێشوازی لە ڕەخنەکان دەکەین و بە بایەخەوە لەهەر هەوڵێک دەڕوانین بۆ خستنەڕووی کێشەکان و ئەنجامدانی چاکسازی، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە میدیاکان ئەرکی پیشەیی خۆیان لەبیرکردووە و دوور لە هەموو پرەنسیپ و بەهایەک، هێرشی ناڕەوا دەکەن و تۆمەت دەبەخشنەوە، کەسایەتییەكان دەکەنە ئامانج و سنووری ئازادییە کەسییەکان دەبەزێنن”، هاوسەرۆكی یەكێتی وادەڵێت.

جەختیشدەكاتەوە، ئەو میدیا ئاڕاستەکراوانە ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕن لە دروستکردنی بارگرژیی سیاسی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی، ئەمەش بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بنەماکانی کاری ڕۆژنامەگەریدا یەکناگرێتەوە و دوورە لە هەموو پیشەییبوونێک.

هاوسەرۆكی یەكێتی دووپاتیشیدەكاتەوە، حزبەكەی “هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی ڕۆژنامەنوسانە و ڕۆڵێکی گرنگی بینیووە لە فراوانکردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین، ئەرکی ڕۆژنامەنوسانیشە پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرس و ڕووداوەکان بکەن و کاری ڕۆژنامەگەری تێکەڵی رقی کەسی و حزبی نەکەن و هەڵگری قەڵەمێكی ڕاستگۆ و بوێر بن”.

بابەتی پێشتر

كۆنگرێسی ئەمریكا هۆشداری لە هەوڵێكی كۆریای باكوور دەدات

بابەتی دواتر

نرخی نەوت لە دابەزین بەردەوامە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share