بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕایگەیاند، بەهۆی کەمبارانیی ئەمساڵ، ئاستی ئاو لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان زۆر کەمە و لەهەر وێستگەیەکیش تەنها یەک تۆڕبایین کاری پێدەکرێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئاشکرایکرد، “بەپێی ئەو بڕە ئاوەی ئێستا هەیە لە بەنداوەکانی کوردستان، بەنداوی دوکان 14 مەتر لە ئاستی پڕبوونی خۆی دابەزیوە و بەنداوی دەربەندیخانش 18 مەتر، لە کاتێکدا هەموومان لەبیرمانە ساڵی 2019 هەردوو بەنداوی ناوبراو لەم وەرزەدا تەواو پڕببوون و ژمارەیەکی زۆری تۆڕبایینەکانی وێستگەکانمان ئیشپێدەکرد و ئاستی ئاوی بەنداوەکان لە لوتکەدا بوون”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەهۆی گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو سەرچاوانەی ئاو، کە دەهاتنە ناو هەردوو بەنداوەکە، ڕێژەی هاتنی ئاو کەمی کردووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاوی هەردوو بەنداو، کەمبارانیی ئەمساڵ تەواو نزیکی کردینەوە لە مەترسیی کەمئاوی.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی هۆشداریش دەدات و ئاماژە بەوەدەکات، “ئەگەر ساڵی داهاتوو ڕێژەی باران بارین هاوشێوەی ئەمساڵ بێت و گرنگی پێنەدرێت، هەمووان گرفتار دەبین و ئاومان نابێت، ئەمە ئەو گرفتەیە، کە دەبێت گرنگیی پێبدرێت و حکومەت و لایەنەکان بیکەنە دیالۆگ و گەڕان بەشوێن چارەسەردا، وهك ئهگهرێك لهبهرچاوبگیرێت و لهئێستاوه پلانی بۆ دابنرێت”.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە حکومەت و وەزارەتەکان و پارێزگاری سلێمانی دەکات، گرنگی بە بابەتەکە بدەن و لەئێستاوە پلانی ساڵی داهاتوو دابنێن لەسەر هەمان ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵ، وەکو خۆئامادەکردن و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ساڵی داهاتوو.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی داوا لە وەزارەتی کارەباش دەکات، لەڕێگەی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمەوە بەکارهێنان و ئیشپێکردنی یەکەکانی هەردوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دوکان و دەربەندیخان لە ستراتیژی بەرهەمهێنانی کارەباوە بگۆڕن بە ستراتیژی گلدانەوەی ئاو، واتە کاتی ئیشپێکردنی یەکەکان بگونجێنن لەگەڵ پێداویستیی ئاوی شاری سلێمانی و دەوروبەری و ناوچەی گەرمیان.