چی ڕوودەدات؟ سیتی کشایەوە و کودەتای (12) یانە گەورەکە لە شکست نزیکبووەتەوە

کودەتای یانە گەورەکان بەسەر “یوێفا” خەریکە شکستدەهێنێت

ئەمشەو، سێشەممە بۆ یانە زەبەلاحەکانی ئەوروپا یەکلاکەرەوەبوو، یانەی مانچستەر سیتی بە فەرمی کشانەوەی لە خولی سوپەری ئەوروپی ڕاگەیاند و چەندین ڕووداوی چاوەڕواننەکراوی دیکە ڕوویاندا.

بەپێی زانیاریی زۆرینەی سەرچاوەکانی ئەوروپا، ئەمشەو کۆبوونەوەی بەپەلەی 12 یانە دامەزرێنەرەکەی خولی سوپەری ئەوروپی ئەنجامدەدرێت، تیایدا تاووتوێی کشانەوەی هەندێک لە یانەکان و داهاتووی ئەو خولە دەکرێت کە دوو ڕۆژە بڕیاری لەسەرداوە.

سیتی کشایەوە و ئینگلتەرای هەژاندووە

یانەی مانچستەر سیتی وەک یەکەمین یانە لە ڕاگەیاندراوێکی فەرمیدا کشانەوەی خۆی لە گروپی یانە دامەزرێنەران ڕاگەیاند، بە ئەگەرێکی بەهێزەوە یانەکانی چێڵسی و تەواوی یانەکانی ئینگلتەرا لە نێوان ئەمشەو بۆ سبەینێ، چوارشەممە کشانەوەی خۆیان ڕادەگەیەنن.

یەکێک لە لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە، دەستلەکارکێشانەوەی ئید ودواردی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەی مانچستەر یونایتد بوو لە پۆستەکەی، لە بەرانبەردا دەستەی  سەرپەرشتیاری یاریزانانی یانەی لیڤەرپوڵ دژایەتی خۆیان بۆ خولی سوپەر دەربڕی و داواشیان لە یانەکەیان کرد بەپەلە لە بڕیارەکەی پاشگەزببێتەوە، تەنانەت زۆرینەی یاریزانانی یانەکانی دیکەش پاڵپشتی ئەم نوسراوەی سوورپۆشەکان کردووە، گواردیۆلا وەک کەسایەتیەکی ناوداری سیتی و پریمەرلیگ لە کۆتا لێدوانەکانیدا داوای ڕوونکردنەوەی کردووە و بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ خولەکە  ڕاگەیاندووە.

بارسا و ئەتلەتیکۆ تاووتوێی کشانەوە دەکەن

سەرەڕای بێباکی و ڕەتکردنەوەی زانیاریی کشانەوەی یانەکان لەلایەن فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید و سەرۆکی دەستەی یانە دامەزرێنەرەکان، بەڵام ڕۆژنامەکانی موندۆ دیپۆرییڤۆ و مارکا لە ئیسپانیاوە ئاشکرایانکردووە، ئەمشەو یانەکانی بەرشلۆنە و ئەتلەتیکۆ مەدرید بەهەمان شێوە تاووتوێی کشانەوە لە خولەکە دەکەن.

خۆپشاندانی هاندەرانی یانەی چێڵسی لەبەردەم بارەگای یانەکەیان و ڕەتکردنەوەی خولی سوپەری ئەوروپی

لە ئیتاڵیا دۆخەکە جیاوازە

میدیاکانی ئیتاڵیا بێدەنگیان هەڵنەبژاردووە، یانەکانی ئەو وڵاتە سوورن لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە و تەنانەت هەندێک لەسەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، لە ئەگەری کشانەوەی یانەکانی ئیتاڵیا، ئەندریا ئانێلی سەرۆکی یانەی یوڤانتۆس دەستلەکارکێشانەوە پێشکەشی ئەنجومەنی ئیدارەی بیانکۆنێری دەکات.

کۆی زانیارییەکان ئەوە دەگەیەنن، کە خولی سوپەری ئەوروپی و کودەتای 12 یانەکە لەژێر فشاری هاندەران و دامەزراوە وەرزشی و سیاسییەکاندا شکستدەهێنێت، یاخود بڕیاری ڕاگرتنی دەدرێت بۆ کاتێکی نادیار.

بابەتی پێشتر

عێراق نزیكبوونەوە لە داخستنی دوایین كەمپی ئاوارەبووان ڕادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

نرخی نەوت بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک دابەزی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share