بەرپرسانی پارێزگای ئەنبار ئاشكرایانكردووە، تیمێكی سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق لە سنووری پارێزگاكەدا بڕێكی گەورەیان لە گازی سروشتی دۆزیوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی نیسان، عەزیز خەڵەف، ڕاوێژكاری بواری وزە لە پارێزگای ئەنبار بە ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی ڕاگەیاندووە، “تیمێكی سەربە وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئەنبار، بڕێكی زۆر گازی سروشتییان دۆزیوەتەوە”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، پاش گەڕان و هەڵكەندنی پێنج ناوچەی ڕۆژئاوای ئەنبار، كە گومان كراوە كێڵگەی نەوت و گاز بن، گەیشتوون بە دۆزینەوەی ئەو بڕە زۆرەی گاز.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەو كێڵگە نوێیەی گازی سروشتی بڵاوكراونەتەوە، بڕی ئەو گازەی دۆزراوەتەوە بە 25 تریلیۆن مەقمەق خەمڵێندراوە “هەر مەقمەقێك بریتییە لە یەك ملیۆن پێی چوارگۆشە لە گازی سروشتی”.
پێشبینی ئەوەش كراوە، بەهۆی دۆزینەوەی ئەو بڕە لە گازی سروشتی لە ئەنبار، پێگەی عێراق لەبازاڕی وزەدا بەرەوپێش ببات.
بەر لە دوو مانگ، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرایكرد، دەیانەوێت وەبەرهێنان لە گازی سروشتیی عێراق بكەن و هەوڵی كۆتاییهێنان بە بەهەدەردانی ئەو گازەش بدەن كە لەكاتی پرۆسەی دەرهێنانی نەوتدا بەفیڕ دەچێت.