ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاندووە، لەماوەی 20 ڕۆژی ڕابردوودا، دوو بازرگان و ژمارەیەك بەکارهێنەری مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی نیسان ڕایگەیاندووە، “لەماوەی 20 ڕۆژدا لە سنووری بەڕێوبەرایەتیمان ژنێک و شەش کەسی دیکە لە ڕەگەزی نێر دەستگیرکراون”.
ئەوەش خراوەتەڕوو، “تۆمەتبارەکان دوو کەسیان بازرگانن و یەکێکی دیكەشیان دانیشتوی قەزای شەقڵاوەیە و بە هاوکاری و هەماهەنگیی یاریدەریەتیی ئاسایشی (تەقتەق)ی سەربە بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەستگیرکراوە کە یەک کیلۆ و 200 گرام کریستاڵی پێبووە”.
بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئاماژەی بەوەشكردووە، “پێنج کەسەکەی دیکەشیان بەکارهێنەرن و دانیشتوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانن، ئەو مادانەی بەکاریانهێناون لە جۆری كریستاڵ و حەشیشە بوون”.
سەرجەم تۆمەتبارەکان بە فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ بەپێی مادەکانی 26 و 30 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2020 ڕاگیراون.