کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ڕایگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بڕی 500 هەزار دۆلار لە نۆژەنکردنەوەی دەروازەی بادیناندا خەرجدەکات، ئەم بەخشینەش جەخت لە پابەندبوونیان دەكاتەوە بۆ پارێزگاریكردن لە شوێنەواریی دەوڵەمەند و و كولتووری ئەم ناوچەیە.
رۆب والەر، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر لەبارەی دابینکردنی پارەکە و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکە ڕایگەیاندووە، ” من لێرەم بۆ راگەیاندنی 500 هەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی ئەم گەنجینە شوێنەوارییە، ئەمە بەشێکە لە زنجیرەیەک بەخشینی دارایی کە ئەمەریکا پێشکەشی دەکات بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی شوێنەواری دەوڵەمەند و کەلەپووریی و کولتووریی ناوچەکە”.
کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، حكوومەتی ئەمەریكا سوورە لەسەر پارێزگاریكردن و نۆژەنكردنەوەی ئەم شوێنە كولتوورییە ناوازەیە و زۆر خۆشحاڵە بە كاركردن لەگەڵ كوردانی هەرێمی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە، هەروەها كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا هیواشی خواستووە ئەو مینحەیە ببێتە پردێكی نوێ بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی زیاتری نێوان گەلی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان”.
دەرگای بادینان لە ئامێدی دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا دروست كراوە، دەبێتە ناسراوترین و كۆنترین دەرگا لە پارێزگای دهۆك، دەرگای بادینان كە دەكەوێتە بەشی باشوور رۆژئاوای ئامێدی یەكێكە لە كۆنترین و ناسراوترین دەرگا و دەروازەكانی كوردستان و پارێزگای دهۆك.
ئەو دەرگایە چەند ناوێكی هەیە لەوانە، دەرگای بادینان، چونكە بادینان لە ئامێدی دەستی پێ كردووە یان دەرگای سپنە چونكە دەكەوێتە نزیك رووباری سپنە و دەرگای مووسڵیشی پێ دەگوترێ، چونكە كاروانە بازرگانییەكانی مووسڵ كاتێك دەهاتنە بادینان سەردانی ئامێدیان دەكرد و لەو دەرگایە دەهاتنە ژوورەوە.